حکومەتی عێراق: داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق: حكومەتی عێراق نیگەرانی  قوڵی خۆی نیشان دەدات و ئیدانەی بەئامامجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكان دەكات لەناو خاكی كۆماری ئیسلامی ئێران. 

جەختدەكەینەوە كە ئەم هەڵكشانە سەربازییە هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ ئاسایش و ئاشتیی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەقامگیری ناوچەكە دەخاتە بەر مەترسییەكی گەورەوە. 

عێراق جەخت لەسەر پرەنسیپی خۆی دەكاتەوە بۆ رەتكردنەوەی بەكارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا و داوا دەكات رێز لە سەروەریی وڵاتان بگیرێت و دامەزراوە گرنگەكان بەئامانج نەگیرێن، بەتایبەتیش ئەوانەی لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان و بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەكاردەهێنرێن. 

عێراق جەختدەكاتەوە كە چارەسەری سەربازیی ناكرێت ببێت بە ئەڵتەرناتیڤ بۆ دیالۆگ و دیپلۆماسی و؛ بەردەوامی ئەم هێرشانە دەكرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی مەترسیدار كە ئاكامەكانی لە سنوری هەر دەوڵەتێك بچێتە دەرەوەو كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكەو جیهان دروست بكات. 

عێراق ئەوەمان بیردەخاتەوە كە جەنگ جگە لە وێرانەیی هیچ شتێك لەدوای خۆی بەجێناهێڵێت، بەرپرسیارێتی زلهێزەكان و دەستە نێودەوڵەتییەكان دەبێت ئەوە بێت جیهان لە قەیرانی زیاتر بەدوور بگرن، نەك دروستكردنی. 

عێراق لە روانگەی بەرپرسیارێتییەوە بەرامبەر بە ئاشتی و سەقامیگریی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی داوای ئارامكردنەوەی خێراو كردنەوەی كەناڵی دیپلۆماسی بەپەلە دەكات بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە، بەو جۆرەی گەرەنتی ئاسایشی هاوبەش بكات و رێز لە یاسای نێودەوڵەتیی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار