خامنەیی پەیامەکانی بەشێوەی نووسراو لەڕێی یاریدەدەرێکەوە پێیدەگات

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی زانیاریی لەبارەی شوێنی مانەوەی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە پەناگەیەکی نهێنی دەمێنێتەوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیاری لە بەرپرسانی ئێران وەرگرتووە و دەڵێت، خامنەیی لە پەناگەیەکی نهێنییە، بەسەختیی دەتوانرێت پەیوەندیی پێوەبکرێت و هەموو پەیامێکی بەشێوەی نووسراو لەڕێی یاریدەدەرێکی متمانەپێکراوەوە پێیدەگات و وازی لە بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیی ئەلیکترۆنی هێناوە.

بەگوێرەی زانیاریی ئەو بەرپرسانە، خامنەیی پێشبینی ئەوەیکردووە ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵی کوشتنی دەدەن، بۆیە لە پەناگەیەکدا خۆی حەشارداوە.

هاوکات خامنەیی فەرمانی بە ئەنجومەنی زانایانی ئێران و دەستەی ئاینیی وڵاتەکەی کە بەرپرسە لە دیاریکردنی رێبەری باڵا کردووە، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا لە پلانی کوشتنیدا سەرکەوتوو بوون، بەوردی کەسێک لەو کەسانەی پێشتر دیاریکراون لە شوێنی دابنرێت.

چەند رۆژێک لەمەوبەر بەگوێرەی راپۆرتێکی مسری ئەلیەوم، ئەو هێزەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەپارزێت، فەیلەقی پاسەوانییە کە یەکەیەکی سەربازی تایبەتی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و ژمارەیان 12 هەزار سەربازە.

ئاماژەی بەوەشداوە، هێزەکە مەرجی یەکەمیان خۆبەختکردنە بۆ خامنەیی و لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت ناتوانن دەست لە جەستەی خامنەیی بدەن و قورسترین راهێنانیان پێکراوە و لە هەموو شارەکانی ئێران بنکەیان هەیە.

راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، قەڵغانی گولەنەبڕ بۆ پاراستنی خامنەیی بەکاردەهێنرێت و هەر لەناوخۆی ئێرانیشدا دروستدەکرێت.

پێش ئەوەی خامنەیی سەردانی هەر شوێنێک بکات، هێزەکە سەردانی دەکات و دۆسیەی ئەمنی ناوچەکە وەردەگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار