ئیسماعیل بەقایی: وەڵامى هێرشەکانى ئەمریکا دەدەینەوە

6 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژ وەزارەتى دەرەوەى ئێران جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە لەچوارچێوەى پرەنسیپە نێودەوڵەتنیەکان بەرگرى لەخۆیان دەکەن و دەشڵێت وەڵامى هێرش و دەستدرێژییەکانى ئەمریکا دەدەینەوە.
لەکۆنگرەیەى هەفتانەى خۆیدا ئیسماعیل بەقایی وتەبێژە وەزارەتى دەرەوەى ئێران، وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنوسانیدایەوە، ئەو وتى: هەموو هەوڵ و تەرکیزەکانمان لەسەر بەرگریکردنی یەکلاکەرەوەیە لە نەتەوەی ئێران. ئێمە ناهێڵین هیچ پرسێکی پەراوێزی لەم ئامانجە دوورمان بخاتەوە، ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین کەئێران خەڵکى مەدەنى کردبێتە ئامانج.
جەختى لەسەر ئەوەکردەوە کە وڵاتەکەى هەمیشە پابەند بووە بە پرەنسیپە دیپلۆماسی و ئەخلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا سەلماندوویەتی کە چەک و ئامانجی قەدەغەکراو بەکارناهێنێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە هێماى بۆ ئەوەشکرد، ئەوەی ئێستا لە پێشینەی کاردایە، بەرگرییەکی توند لە وڵات و بەرپەرچدانەوەی خراپەی دوژمنە، کە بە پشتبەستن بە پشتیوانیی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی، شەڕێکی ناڕەوای لە دژی نەتەوەی ئێران دەستپێکردووە.
وتیشى: گومانی تێدا نییە کە لەم ئەزموونانە فێر دەبین. ئەگینا نەک هەر خۆمان، بەڵکو گەلەکەمان و مێژوو و نەوەکانی داهاتووش حوکممان لەسەر دەدەن.
ئیسماعیل بەقایی باسى لەوەکرد، ئەم دەستدرێژییە سەربازییە وردە وردە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئێران خۆی ئامادە دەکرد بۆ بەشداریکردن لە گەڕی شەشەمی وتووێژی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتێک کە خۆی ئێستا بە بەشێک لەم شەڕە دادەنرێت.
وتیشى: تەنها دوو ڕۆژ پێش ئەم وتووێژە، هەنگاوی سەربازی دژ بە ئێران گیرا؛ کردەوەیەک کە بە خیانەتێکی ڕوون لە دیپلۆماسی و دیالۆگ و ئەخلاق و شارستانیەتی مرۆڤایەتی و هەموو دەستکەوتەکانی یاسای نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم دادەنرێت.
وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئێران جەختى کردەوە، ئێران بەشێوەیەکی کارا ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەکات- تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندی فەرمیمان لەگەڵیاندا نییە. چونکە ئێمە پێمان وایە هێرشی سەربازی بۆ سەر خاکی ئێران تەنیا دەستدرێژی نییە بۆ سەر وڵاتێک، بەڵکو پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیە بۆ سەر نەزمی جیهانی.
