وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل: بۆ هەرموشەکێکى ئێران وەڵامى توندمان دەبێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش
یسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەى وەڵامدانەوەى هێرشە مووشەکییەکانى ئێران دەکات و ڕایگەیاند، ئێستا هێزەکانی ئیسڕائیل بە هێزێکی بێ وێنەوە هێرش دەکەنە سەر ئامانجە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران و دامەزراوەکانى حکومەت لە دڵی تاراندا.
وەزیرى بەرگرى وتیشى: بۆ هەر موشەک و هێرشێک ئاراستەی ناوخۆى ئیسرائیل بکرێت، دیکتاتۆری ئێران سزا دەدرێت و هێرشەکان بە هێزێکی توندو تەواوەوە وەڵام دەدرێتەوەو بەردەوام دەبین لە هەنگاونان بۆ پاراستنی بەرەی ناوخۆ و شکستپێهێنانی دوژمن تا هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدی دێت.
کەمێک لەمەوبەریش سوپاى ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵەخانەیەکی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران و لەئێستادا بەشێک لەو دامەزراوانە پەخشیان ڕاوەستاوە.
ئاژانسی میهرى ئێرانیش بڵاویکردەوە، ئیسرائیل دەرگای سەرەکیی زیندانی ئەوینی لە تاران بۆردومانکردوەو تەزووی کارەبای زیندانەکە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە پچڕاوە.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ئێران هێرشێکى نوێى بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد 15 مووشەکى ئاڕاستەى ئیسرائیل کردوە، بەپێى میدیاکانى ئیسرائیل پێنج مووشەکی ئێران بە سیستمى بەرگریی ئیسرائیلدا تێپەڕبوون، لە سەرەتای شەڕەوە ئەمە درێژترین ماوەیە ئیسرائیلییەکان لە پەناگەدا بمێننەوە.
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل بڵاویکردەوە مووشەکێکی ئێران وێستگەیەکی کارەبای لە باشووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و بەوهۆیەوە زیاتر لە هەشت هەزار ماڵ و شوێن ئێستا بێ کارەبان.
