سوپاى ئیسرائیل: بە 50 فڕۆکە هێرشمان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی تاران

4 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل، ڕایدەگەیەنێت زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەى بەشداربوون لە هێرش کردنەسەر ئامانجە سەربازییەکانی تاران.
لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس ئەفیخاى ئەدرعى وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل، پەیامێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئەوەدەخاتەڕوو لە چوارچێوەی شەپۆلی ئەم دواییەی هێرشە ئاسمانییەکان فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی ئاسمانی بارەگا سەربازییەکان، شوێنەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و ڕادار و ژێرخانی هەڵگرتنی مووشەکیان لە ناوچەی تاران کردە ئامانج.
ئەم هێرشانەى ئەمڕۆشیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەى بۆ لێدانی توانا سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران.
وتەبێژەکە ئەوەش دەخاتەڕوو بەردەوام دەبن لە چڕکردنەوەی هێرشەکانیان دژی توانا سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران و لە پێناو پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە باڵادەستی ئاسمانی ئێران.
لەلایەکى دیکەوە، فرانس پرێس لە بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە بەئامانجگرتنەکانی ئەمڕۆ بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی ئێران بووە، سەرباری هێرشەکانی ئەمڕۆ بەڵام هەوڵی رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران نادەین.
لە 11یەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمڕۆ ئیسرائیل گرتووخانەی ئێڤینی لە تاران کردە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی فارس، نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، بڵاویکردەوە، بە درۆنی بچووک هێرش کراوەتە سەر گرتووخانەی ئێڤین، بەڵام دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوەتەوە.
میدیای ئێران گرتەی ڤیدیۆیی هێرشەکەی بڵاوکردەوە، تێدا دەردەکەوێت تەنێک خۆی بە دەروازەی سەرەکیی گرتووخانەکەدا دەکێشێت و تەقینەوەیەک روودەدات.
بەپێی بەشێکی دیکە لە میدیای ئێران، بەشەکانی پاسەوانی، کارگێڕی و دادوەریی گرتووخانەکە کراونەتە ئامانج.
