سودانى لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشى پێگەی سەربازیەکان پێکدەهێنێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد شیاع سودانى، فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان، پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر شوێن و بنکە سەربازییەکانى عێراق ڕادەگەیەنێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێرش کرایە سەر پێنج شوێنی سەربازی لە بەغدا، سەلاحەدین، ئەنبار و ناسڕیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار، سەربازگەی تاجی لە بەغدا، سەربازگەی ڤیکتۆریا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، سەربازگەی ئیمام عەلی لە ناسڕیە و سەربازگەی بەلەد لە سەلاحەدین کراونەتە ئامانج.
وتەبێژێکى سەربازی سوپاى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندین شوێن و بنکەی سەربازی عێراقیان کردوەتە ئامانج.
ئەو وتەبێژە دەشڵێت بەئامانجکردنەکە زیانێکی بەرچاوی بە سیستەمی ڕادار لە چەند بنکەیەک گەیاندووە، بەبێ ئەوەی هیچ کوژراو و بریندارێک هەبێت.
وتیشى: هەموو ئەو شوێنانەی کە دەکرێنە ئامانج سەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقن، ئەم کردەوە "تاوانکاریانە" بێ سزا ناچن. تاجی، سەربازگەی سوپای عێراقە و بنکەی ئاسمانیشی لێیە.
ئەو شوێنانەی کە بە فەرمی سەربازی ئەمریکای لێیە، بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ڤیکتۆریان.
لەلایەکى دیکەوە دواى ڕاگەیاندنى ئاگربەستى نێوان ئێران و ئیسرائیل، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئاسمانی باشووری عێراق کرایەوە. گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەسرە دەستپێدەکەنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی دیکە دەکرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی بەسرە دەستیان پێکردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، گەشتەکان لەو فڕۆکەخانەیە راگیرابوون.
