پەرلەمانی ئێران ڕاگرتنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد

11 كاتژمێر لەمەوپێش



پەرلەمانی ئێران مەرجە گشتی و وردەکانی بڕیارنامەیەکیان پەسەندکرد کە هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رادەگرێت، سەرۆکی پەرلەمانیش دەڵێت: خێراتر لە جاران لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەمان بەردەوام دەبین.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

لە کۆی 219 پەرلەمانتاری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، 210 پەرلەمانتار بە (بەڵێ) دەنگیان بە پرۆژەیاساکە دا، تەنیا دوو پەرلەمانتار دەنگیان (نەخێر) بوو. بە گوێرەی پرۆژەیاساکە، هیچ کەسێک لە ئێران بۆی نییە هاوکاریی ئاژانسەکە و نوێنەرانی بکات؛ هەر کەسێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.

لەوبارەوە محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا ڕایگەیاند "بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمیی ئێران خێراتر لە جاران بەرەوپێش دەڕوات و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران تا ئەو کاتەی لە ڕووی ئاساشیەوە گەرەنتی دەکرێت، هەموو هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەڵدەپسێرێت."

لەبارەی شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد "ئەمەریکا خۆڕاگریی گەلی ئێرانی بینی کە بەو نمایشەی کردی، خۆی لە دۆخەکان دەرباز کرد."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 24-06-2025، بێهروز کەمالوەندی، گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند "دەبێت هەموو لایەنێک ئەوە بزانێت، پیشەسازیی ئەتۆم لە ئێران ڕەگ و ڕیشەیەکی پتەوی هەیە و ناتوانرێت ئەم پرۆژەیە لە ڕەگەوە هەڵکەنرێت."

کەمالوەندی ئاماژەی بەوەش کرد "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو توانا و تایبەتمەندییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جێبەجێکردنی سروشتی پرۆژەی وزەی ئەتۆم هەیەتی، دەبێت بایەخ و درێژە بە بەرنامەی ئەتۆمی بدرێت، هەر بۆیە هیچ ڕاگرتنێک لە ئارادا نییە."

ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانیی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار