ئێران: دامەزراوە ئەتۆمییەکان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە" دوای ئەوەى چەند جارێک لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە هێرشیانکراوەتە سەر.

بەرپرسانی ئێران و میدیاکانی دەوڵەتی ئێران پێشتر بە کەمترین ئاستی زیانەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیان کەم کردبووەوە.

ئیسماعیل بەقایی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ڕێکخراو و ئاژانسەکانی وزەی ئەتۆمی وڵاتەکە کار لەسەر هەڵسەنگاندنێکی تەکنیکی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو لێدانانەی کە فەرمانی پێکردووە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بووەتە هۆی "سڕینەوەی تەواوەتی"، تەنانەت دوای ئەوەی کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە کە هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگری سەرەتایی دۆزرایەوە کە زیانێکى کەمیان بەرکەوتووە.

سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "هاوشێوەی هێرۆشیما" چواند و رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان بۆ "چەندین دەیە" پەکخستووە. هاوکات ئەو راپۆرتە هەواڵگرییانەشی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن کاریگەریی هێرشەکان سنووردار بووە.

سەبارەت بەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە رۆژی سێشەممە لە میدیاکانی ئەمریکاوە دزەیان پێکرا و باسیان لەوە دەکرد کە هێرشەکە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی تەنیا بۆ چەند مانگێک دواخستووە، ترەمپ گوتی، "ئەوان [سەرچاوە هەواڵگرییەکان] بەڕاستی نازانن وردەکاریی زیانەکە چەندە." ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ناتوانرێت قەبارەی زیانەکانی سەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان بە تەواوی پشتڕاست بکرێتەوە.
 
هاوکات پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان کردەوە، دامەزراوەی فۆردۆ "بە تەواوەتی وێران کراوە."
 
ترەمپ ئاشکرای کرد، ئیسرائیل دوای هێرشەکان سیخوڕی ناردووەتە نێو بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ و دەڵێت، "ئەوان کەسانیان هەیە کە دوای لێدانەکە چوونەتە ئەوێ و گوتوویانە بە تەواوەتی وێران بووە. ئیسرائیل ئێستا راپۆرتێک لەسەر ئەوە ئامادە دەکات."
 
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئیسرائیلیشی کرد بۆ دانبەخۆداگرتنیان و گوتی: "زۆر شانازی بە ئیسرائیلەوە دەکەم،" و "نەتەنیاهوو دەبێت زۆر شانازیی بە خۆیەوە بکات."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار