حەماس: بەچوار مەرج رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل دەکەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی جددیان لەلایەن ناوبژیوانانەوە پێنەگەیشتووە کە ئاماژە بە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە هەڵوێستی حکومەتی ئیسرائیلدا بکات سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.
لە بەیاننامەیەکدا تاهیر نونو، ڕاوێژکارى حەماس ونیکردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ نێوەندگران نەوەستاوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکمان پێنەگەیشتووە کە گۆڕانکارییەکی جددی لە هەڵوێستى بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هەبێت، بەوتەی ئەو، ئیرادەی سیاسیی نییە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییە بۆ سەر خەڵکى غەززە.
تاهیر نونو جەختیشی کردەوە کە حەماس هیچ ڕێککەوتنێک قبوڵ ناکات کە مەرجی ڕوونى بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکە لەخۆ نەگرێت، ئەو وتی: هەر ڕێککەوتنێک دەبێت چوار خاڵی بنەڕەتی لەخۆبگرێت، ئەوانیش وەستانی یەکجاری شەڕ و دەستدرێژی، کشانەوەی تەواوەتى و هەمەلایەنە لە کەرتی غەززە، ئاوەدانکردنەوە و کۆتاییهێنان بە گەمارۆ مرۆییەکان، هەروەها ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان. بەبێ ئەمانە هەر ڕێککەوتنێک بێ مانایە".
لەسەر بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەوەى وتى "بەمزوانە مژدەى رێککەوتنى غەززەو ئیسرائیل" دەبێت، تاهیر نونو ڕایگەیاند، بزووتنەوەکە بە تەنیا لێدوان ڕازی نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە درک بەوە دەکەین کە ترامپ و ئەمریکا توانای ئەوەیان هەیە ناتانیاهۆ ناچار بکەن کۆتایی بە دەستدرێژییەکە بهێنن و شەڕی سەر غەززە ڕابگرن. بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە لێدوان نییە، بەڵکو کاری ڕاستەقینە و جدییە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیدا لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە باشووری کەرتی غەززە، 6 سەرباز و فەرماندەیەکیان کوژراون.
ماڵپەڕی فەرمیی سوپای ئیسرائیل ناوی 5 سەرباز و فەرماندەیەکی هەمان هێزی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ناسنامەی حەوتەمین سەربازی بڵاونەکردووەتەوە، چونکە هەروەکو سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، خێزانی سەربازەکە رێگەیان نەداوە ناوی بڵاوبکرێتەوە.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی نزیکەی 20 مانگی جەنگی غەززەدا، زیاتر لە 430 سەربازی ئیسرائیلی لەو شەڕەدا کوژراون، کە بەهۆی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی چەکدارانی حەماسەوە بۆسەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد.

