ئێران دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بەشێکی ئاسمانی دەکاتەوە

13 كاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، ئێران ئاسمانی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیدا کردووەتەوە، ئەوەش دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل دوای شەڕێکی 12 ڕۆژە.
ئێران لە ١٣ی ئەم مانگەدا ئاسمانی خۆی داخست دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەستیپێکرد و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و ڕەوانەکردنى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسۆائیل وەڵامی دایەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا لە زاری مەجید ئێخوان، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە زاری مەجید ئەخەوانەوە بڵاویکردەوە، "ناوچەی ئاسمانی بەسەر نیوەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتدا بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە، و تەنها بۆ گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە لە فڕۆکەخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە هەڵدەستن یان دەگەنە فڕۆکەخانەکان".
بەگوێرەی قسەکانی گوتەبێژەکەی وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، فڕۆکەخانەی مەشهەد یەکێکە لەو فڕۆکەخانانەی ئیسرائیل لە کاتی جەنگ بۆردومانی کرد، بەڵام ئەمڕۆ دەستی بە گەشتەکانی کردووەتەوە.
گەشتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە لەسەر ئاستی هەموو ئێران لەنێویاندا تاران، تا کاتێکی نادیار بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.
مەجید ئێخوان، رایگەیاند، دوای رەزامەندی لیژنەی هاوئاهەنگیی سەربازی و مەدەنی و رێکخراوی فڕۆکەوانی، پێداچوونەوە بە ئاسایش و سەلامەتی لە بارودۆخی ئێستای وڵاتدا، ئاسمانی نیوەی رۆژهەڵاتی وڵات بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی ترانزێت و هەروەها گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە رۆژهەڵاتی وڵات کرایەوە.
مەجید ئێخوان گوتی، "ئەو فڕۆکەخانانەی رێگەپێدراون لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئێران گەشتیان تێدا بکرێت بریتین لە بۆجنوورد، سەبزەوار، مەشهەد، بیرجەند، زابۆل، زاهیدان، سەراوان، چابەهار، ئێرانشار، سەرخس، گۆناباد، جیرۆفت و جاسکە."

