کۆشکی سپی: ئێران فریای گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو نەكەوتووە

13 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژى کۆشکی سپی جەختدەكات، بەر لە هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی، ئێران یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی نەگواستووەتەوە، دەڵێت: لە ژێر داروپەردودایە.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، بە كەناڵی "فۆکس نیوز"ی راگەیاند: دڵنیاتان دەکەمەوە، ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی بەدەست نەگەیشتووە کە یۆرانیۆمی پیتێنراو، پێش هێرشەکان گواسترابێتەوە، هەر زانیارییەكیش بە پێچەوانەوەی ئەوە، هەڵەیە.
وتيشى: سەبارەت بەوەی ئێستا چی لەو شوێنانەش هەیە، ئەوە لەژێر زەوی داپۆشراوە، لە ئەنجامی سەرکەوتنی ئەو گورزە گەورەیەی شەوی شەممەی رابردوو ئاڕاستەی كرا.
وتەكانی وتەبێژی كۆشكی سپی لەكاتێدایە، شارەزایان دەڵێن، رەنگە ئێران پێش هێرشەکە كەوتبێت، بە بەتاڵکردنی کۆگاکانی ئەو پێگە ئەتۆمییانە كە بڕی نزیکەی (٤٠٠) کیلۆگرام یۆرانیۆمی تیادابووە، كە بە ئاستی لە (60%) پیتێنراوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، سەرچاوە ئێرانییەکان پێشتر ئاشکرایان کردووە، یۆرانیۆمی پیتێنراویان لە پێگەی فۆردۆوە گواستووەتەوە بۆ شوێنی تر
رۆژی چوارشەممە 25-06-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە لاهای - هۆڵەندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی بەرەبەیانی یەکشەممەی رابردوو بۆسەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، بووە هۆی "تەواو وێرانبوونیان" و بە خێرایی کۆتایی بە جەنگە 12 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش هێنا.
سەرۆکی ئەمریکا زیانەکانی هێرشەکەی بە بۆمبە ئەتۆمییەکانی سەر هێرۆشیما و ناگاساکی لە ساڵی 1945 چواند و گوتی، "نامەوێت نموونەی هێرۆشیما و ناگاساکی بەکاربهێنم، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمان شت بوو. ئەوە کۆتایی بە جەنگێک هێنا."
ترەمپ جەختی کردەوە، "ئەمە کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل - ئێران هێنا. ئەگەر ئێمە ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەمان وێران نەکردایە، ئەوا ئەوان ئێستاش لە شەڕدا دەبوون."
سەبارەت بەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە رۆژی سێشەممە لە میدیاکانی ئەمریکاوە دزەیان پێکرا و باسیان لەوە دەکرد کە هێرشەکە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی تەنیا بۆ چەند مانگێک دواخستووە، ترەمپ گوتی، "ئەوان [سەرچاوە هەواڵگرییەکان] بەڕاستی نازانن وردەکاریی زیانەکە چەندە." ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا ناتوانرێت قەبارەی زیانەکانی سەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان بە تەواوی پشتڕاست بکرێتەوە.
هاوکات پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیان کردەوە، دامەزراوەی فۆردۆ "بە تەواوەتی وێران کراوە."

