ڕۆژی شەممە پرسەی بەرپرسە باڵاکانى ئێران بەڕێوەدەچێت

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەردار حەسەنزادە، فەرماندەیەکى باڵاى سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایدەگەیەنێت ڕێوڕەسمێکی گەورەی پرسەی ئەفسەرو فەرماندە باڵاکانى سوپاى پاسداران و سەربازیەکانى دیکەى ئێران ڕۆژی شەممە و لە دووهەمین ڕۆژی موحەڕەم لە تاران بەڕێوە دەچێت.
ئەو فەرماندە دەشڵێت ئەم مەراسیمە لە گۆڕەپانی شۆڕشەوە دەست پێدەکات و تا گۆڕەپانی ئازادی بەردەوام دەبێت. زۆرترین خەڵکی چین و توێژە جیاوازەکانی ژیان، بەتایبەتی گەنجان، هەرزەکاران، ژنان، شاندی ئاینی و کاروانی ماتەمینی، ئامادەدەبن.
سەردار حەسەنزادە، ئەوەش باسدەکات ئەم ئامادەبوونە ملیۆنییە نەک تەنیا نیشاندانی دڵسۆزی گەل بۆ ڕێبازی شەهیدان، بەڵکو دەرکەوتنی "ڕۆژی خودا" و ڕەمزی بەڵێنی دڵسۆزی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە دوژمنانی.
وتیشى: لە فەرهەنگی نەتەوەی ئێراندا، پرسەی شەهیدان هەمیشە ڕێوڕەسمێکی حەماسیی و شانازیکردن بووە بەرامبەر بە ناخۆشخوازانی وڵات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13-06-2025 سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئێران دەستپێکرد، لەماوەى ١٢ ڕۆژى شەڕدا نزیکەى ٣٠ فەرماندەى باڵاى سەربازى سوپاى پاسداران و سەربازى ئێران لەهێرشەکانى ئیسرائیلدا کوژراون.

