ماڵپەری ئاکسیۆس: ئیسرائیل شوێنی یۆرانیۆمەکانی ئێران دەزانێت

14 كاتژمێر لەمەوپێش
سێ بەرپرسی باڵای ئیسرائیل بە ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکییان راگەیاند، یۆرانیۆمی فرەپیتێنراوی ئێران لە وێستگە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ئیسفەهان گواستراوەتەوە بۆ تونێلەکانی ژێرزەوی، ئەمەش بە ئامانجی پاراستنیان لە هەر هێرشێکی دەرەکی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسانە کە راستەوخۆ ئاگاداری زانیارییە هەواڵگرییەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانن، یۆرانیۆمی فرەپیتێنراوی کۆگاکراوی ئێران لە تونێلەکانی ژێرزەوی فۆردۆ و ئیسفەهانن، بە تەواوەتی بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دابڕاون لە جیهانی دەرەوە.
لە راپۆرتەکەی ئاکسیۆسدا هاتووە، بەرپرسە ئیسرائیلییەکان باوەڕیان وایە دەتوانن هەر هەوڵێکی ئێران ئاشکرابکەن بۆ گەڕاندنەوەی یۆرانیۆمە فرەپیتێنراوەکانی.
بەرپرسە ئیسرائیلییەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی ئەم تونێلانە لەدوای بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دابڕاون لە جیهانی دەرەوە، سەختە ئێران بتوانێت بە خێرایی ئەم یۆرانیۆمە فرەپیتێنراوەی دەستبکەوێتەوە کە پێشتر هەیبووە.
