ئەمەریکا 30 ملیۆن دۆلار بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە تەرخان دەکات

14 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٣٠ ملیۆن دۆلاری وەک بودجە بۆ دامەزراوەی مرۆیی غەززە پەسەند کردووە، داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد پشتیوانی ئەو ڕێکخراوە بکەن کە هاوکاری دەگەیەنێتە هاوڵاتیان لە کەرتی غەززە.
تۆمی پیگۆت، جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئەم پشتیوانییە دووپاتکردنەوەی زیاتری پابەندبوونی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا 30 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو ڕێکخراوە فریاگوزارییە.
واشنتۆن لە مێژە پشتیوانی لە دامەزراوەی مرۆیی غەززە دەکات لەڕووی دیپلۆماسییەوە، بەڵام ئەمە یەکەم بەشداری دارایی ئاشکرایە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، کە کۆمپانیا تایبەتەکانی سەربازی و لۆجستی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ناوچەی فەلەستین بۆ دابەشکردن لە "شوێنە سەلامەتەکان".
دامەزراوەی مرۆیی غەززە لە کەرتی غەززە لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆجستیکی قازانج بە ناوی Safe Reach Solutions کاردەکات کە ئەفسەرێکی پێشووی سی ئای ئەی سەرۆکایەتی دەکات و کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری ئەمنی سەر بەو کۆمپانیایە بە ناوی UG Solutions کە سەربازانی پێشووی ئەمریکی دامەزراندووە.
لە مانگی ئاداردا، سوپای ئیسرائیل رێگەی گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە داخست و لەبری ئەوە، رێگەی بە رێکخراوێکی سەر بە ئەمریکا دا لە خاڵەکانی نزیک سنوور هاوکاری دابەش بکات.
ئەوە بووە هۆی دروستبوونی پشێویی زۆر و چەندین فەلەستینی کوژران. ئەمە جگە لە تاڵانکردنی بەشێکی زۆری هاوکارییەکان و دواتر فرۆشتنەوەیان بە نرخی خەیاڵی.
ئێستا لە غەززە نرخی یەک فەردە ئارد لە نێوان 580 بۆ 880 دۆلارە.
ئێستا غەززە برسییە، 71 هەزار منداڵ و 17 هەزار دایکی شیردەر پێویستیان بە چاودێریی تەندروستیی بەپەلەیە و تووشی بەدخۆراکی بوون.
2.1 ملیۆن دانیشتووی غەززە بێ خواردنن، 470 هەزار کەس لە برسێتیی کارەساتباردان. دابەشکردنی خواردنیش 80٪ کەمکراوەتەوە.
