زیندانیانی زیندانی ئەوین بە دەستوپێ بەستراوی گوازرانەوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش
بەگوێرەی دوایین راپۆرتەکانی میدیا فەرمییەکانی ئێران بەشێک لە بینای زیندانی ئەوین وێران کراوە و زیندانیانی زیندانی ئەوینیش بە دەستوپێ بەستراوی گوازراونەتەوە.
رۆژی دووشەممە 23-06-2025 بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەشێک لە زیندانی ئێڤین، بەشێکی باڵەخانەی کارگێڕیی زیندانەکە رووخا. لە ئەنجامی ئەو رووخانەدا، ژمارەیەک لە کارمەندانی کارگێڕی، ئەو هاووڵاتیانەی سەردانیان کردبوو و هەروەها کەسوکاری زیندانیان و خودی زیندانییەکانیش بریندار بوون، هەروەها کوژراویشیان هەبووە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە دۆخی خراپی زیندانیانی سیاسی دەکەن، دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوین، دەگوترێت لە کاتێکدا بە زنجیر دەستوپێیان بەستراوەتەوە، گوازراونەتەوە بۆ هەندێک هۆڵی وەرزشی یان زیندانی دیکەی تاران.
یەکێک لە بەرپرسانی زیندانەکە کە ناویان بڵاونەبووەتەوە دەڵێت، دۆخی زیندانیانی زیندانی گەورەی تاران زۆر ناجێگیرە و ژیانیان لە مەترسیدایە.
باس لەوەش کراوە، لە هەر ژوورێکدا 40 کەسیان بەند کردووە، زۆربەی زیندانییەکان لەسەر زەوی دەخەون و ئاوی خواردنەوەش وەک پێویست بەردەست نییە.
زیندانی ئەوین دەکەوێتە ناوچەی ئێڤین لە باکووری ڕۆژئاوای تاران. ساڵی 1972 بنیاتنراوە و لەدوای ساڵی 1979ــشەوە لەگەڵ دروستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووبەرەکەی فراوانکراوە. لای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی وەک زیندانێکی خراپ و توند ناوی دەهێنرێت، بەجۆرێک بووەتە شوێنی زیندانیکردنی سیاسییەکان، ڕۆژنامەوانان، کەسانی ئەکادیمیست، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کەسانی بیانی. زیندانەکە شوێنی 15 هەزار زیندانیی دەبێتەوە.

