وردەکاری ڕێککەوتنی واشنتۆن و تاران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئاشتیانە

8 كاتژمێر لەمەوپێش
چوار سەرچاوەی ئاگادار بە (سى ئێن ئێن)یان ڕایانگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ باسی لە ئەگەری یارمەتیدانی ئێران کردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە تا ٣٠ ملیار دۆلار بۆ بنیاتنانی بەرنامەیەکی مەدەنی وزەی ئەتۆمی.
هاوکات سووککردنی سزاکان و ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی سنووردارکراوی ئێران، هەموو ئەمانەش بەشێکن لە هەوڵە چڕکراوەکان بۆ گەڕاندنەوەی تاران بۆ سەر مێزی دانوستان.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دیبلۆماتە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشت پەردەوە وتووێژیان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجامداوە، تەنانەت ئەوکاتەشى شەڕو هێرشە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەردەوامبووە.
سى ئێن ئین ئەوەشى زیادکردوە: ئەم گفتوگۆیانە لەم هەفتەیەدا بەردەوام بوون دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست کراوە.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پشتڕاستیان کردەوە کە چەند پێشنیارێک خراوەتەڕوو. ئەمانە سەرەتایین و لە پەرەسەندندان و یەک بابەتی جێگیر و دانوستانیان لەسەر نییە: "وەستانی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران". لانی کەم یەک پرۆژەی سەرەتایی کە لە لایەن دوو سەرچاوە بۆ سی ئێن ئێن باسکراوە، چەندین هاندان بۆ ئێران لەخۆدەگرێت.
لە نێو ئەو بڕگانەی کە باسیان لێوە دەکرێت، کە پێشتر ڕانەگەیەندراون، وەبەرهێنانی نزیکەی ٢٠-٣٠ ملیار دۆلار لە بەرنامەیەکی نوێ و ناپیتێنراوی ئەتۆمی ئێران بۆ مەبەستی وزەی مەدەنی هەیە، بەگوێرەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ و سەرچاوە ئاگادارەکان لەو پێشنیازە بە سی ئێن ئێنیان ڕاگەیاندووە.
