کێشەکانی دادگای فیدراڵی دەرگا بۆ ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن دەکاتەوە

9 كاتژمێر لەمەوپێش
دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دەرگای بەڕووی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووەتەوە.
محەمەد عەنوز ئەندامى لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی گوتووە، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرانە، کێشەى دەستووری و یاسایی دروستدەکات، لەبەرئەوەى دادگای فیدراڵی تاکە سەرچاوەى چارەسەرکردنى کێشە گەورەکانى عێراقە، ئەنجامی هەڵبژاردنیش هەر دەبێت لەلایەن ئەو دادگایەوە پەسەندبکرێت، بۆیە کێشەکانی دادگاکە کێشە بۆ هەڵبژاردن دروستدەکات.
محەمەد عەنوز ئاماژەی بەوەشکردووە، لە یاسای تایبەت بە دادگای فیدراڵی، هیچ ئاماژەیەک بە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی ئەندامانی دادگاکە نەکراوە، ئەوەش چارەسەرکردنی کێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
هاوکات سەرۆکی ناوەندی رەشید بۆ پەرەپێدان بە عەرەبی جەدیدی گوتووە، رەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت تاوەکو ئەوکاتەی کێشەکانی دادگای فیدراڵی چارەسەردەکرێن و دادگاکە دووبارە پێکدەهێنرێتەوە.
