ئیسرائیل: مانەوەمان لەجۆلان مەرجە بۆ هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ سوریا

6 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەردەوامبوون و مانەوەى ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان مەرجی پێشوەختە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری ئاساییکردنەوەی لەگەڵ سوریا.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە دانپێدانانی دیمەشق بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر جۆلاندا هەنگاوێکی پێویستە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عیبری i24NEWS، گیدۆن ساعر، وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل ڕوونیکردەوە: ئەگەر دەرفەت بدرێت بە ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی یان ئاساییکردنەوە لەگەڵ سوریا، لەکاتێکدا بەرزاییەکانی جۆلان لەژێر سەروەری ئیسرائیلدا بمێننەوە، ئەمە بە بۆچوونی من شتێکی ئەرێنییە بۆ داهاتووی ئیسرائیلییەکان.
لێدوانەکانی ساعر هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتێکی هەمان کەناڵ، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگاداری سوری، کە پێشبینی کردبوو بەر لە کۆتایی ساڵی 2025 ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی تەواو لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب بکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان تا ئێستاش بە سەرپەرشتى ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامن، بە هاندانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، و لەسەر داوای ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی وردە وردەی ئیسرائیل لەو خاکانەی سوریا کە دەستی بەسەردا گرتبوو دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا هاتە ناو ناوچەی پارێزراوەوە، لەنێویاندا لوتکەی چیای حەرمون. بەرزاییەکانی جۆلان دەگۆڕدرێن بۆ "پارکی ئاشتی"، بەبێ ئەوەی بەڕوونی پرسی سەروەری کۆتایی بەسەریدا ڕوون بکرێتەوە.
