مالیکی: پێداچوونەوەیەکی خێرا بکرێت بەدەزگا ئەمنیی و سەربازییەکاندا

10 كاتژمێر لەمەوپێش
نوری مالیکی، سەرۆکی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت: جەنگەکانی ئیسرائیل کە لە کەرتی غەززەوە بۆ لوبنان و پاشان سوریا و دواجار بۆ ئێران هات، عێراق بەدوورو پارێزراونابێت لێی.
مالیکی لە وتارێکدا، کە بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەڕەمەوە پێشکەشی کرد، جەختی لە پێویستی بەهێزبوونی عێراق کردەوە هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێی.
وتیشی: پێویستە پێداچوونەوەیەکی خێرا بکرێت، كە هەموو دامەزراوە و دەزگا ئەمنییەکان و سەربازییەکان بگرێتەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی لە ئاستێکدا بین کە سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی مسۆگەر بکات و سەروەری وڵات لە هەڕەشە دەرەکییەکان بپارێزێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە گرنگی زانی عێراق دەوڵەتێکی بەهێز بێت، خاوەنی هەموو ئامرازەکانی بەرگری لە سەروەری و گەلەکەی و پیرۆزییەکانی بێت، وەك ئاماژە پێدا، نەک لە پێناو شەڕدا، وەک سەردەمی رژێمی بەعس، بەڵکو بۆ پاراستنی سەروەری خۆمان و مافەکانمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق.
