حەشدى شەعبى: مووچەمان مسۆگەرە و ئەم هەفتەیە وەریدەگرین

10 كاتژمێر لەمەوپێش



 

بەڕێوەبەری بەشی دارایی و كارگێڕی لە دەستەی حەشدی شەعبی عێراق، رایگەیاند، مووچەی هێزەکانیان مسۆگەرە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەدا مووچەى مانگى حوزەیرانیان بۆ خەرجدەكرێت. ئەوەش پاش دواکەوتنى بۆ ماوەى نزیکەى هەفتەیەک دێت.

حسێن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەشەکە لە راگەیەندراوێکدا، گوتیشى، "كارتە نوێیەكانی ئەندامانی دەستەى حەشدى شەعبى لەبری بانكی رافیدەین لە بانكی نەهرێن چاپكراون و فشار بۆ خەرجكردنیان دەكەین".

لە رۆژانى رابردوودا، مەیسەم زەیدی، فەرماندەی "فیرقەی عەباسی شەڕکەر" لە حەشدی شەعبی، لە بۆنەیەکدا قسە بۆ ژمارەیەک ئەندامى حەشد دەکات و دەڵێت، "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆمپانیای بەرپرسی لە دابەشکردنی مووچەی حەشدی شەعبی ئاگادارکردووەتەوە کە مووچەکەیان رابگرێت".

بەگوتەى مەیسەم زەیدى، کۆمپانیاکەش لەوبارەیەوە بانکی رافیدەین و حەشدی شەعبی ئاگادارکردووەتەوە. فەرماندەکەی حەشدی شەعبی دەشڵێت هەر کۆمپانیایەکی دیکەش بێت هەمان چارەنووسی دەبێت.

دوێنێ شەممە 28ـى حوزەیران، بەشی دارایی حەشدی شەعبی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، وەکو هەموو مانگەکانی دیکە لە 18ـی مانگەوە لیستی مووچەیان بۆ بانکی رافیدەین ناردووە و لە 25ـی مانگدا مووچەکانیان چووەتە سەر هەژماری بانکی ئەندامەکانیان، بەڵام ئەم مانگە دواکەوتووە.

بەگوێرەى بەدواداچووەکان، یەکێک لە پێشنیازەکان کە حکومەتی عێراق کارى لەسەر دەکات ئەوەیە مووچەی حەشدی شەعبی بخرێتە سەر وەزارەتی ناوخۆ و بە لێبڕینی 10% مووچەکانیان دابەشبکرێت.

حەشدی شەعبی، ساڵی 2014 پێکھێنراوە لە دەیان گرووپ و سەدان هەزار چەکدار پێکهاتووە و هەموو 24 مانگێک مووچە وەردەگرن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار