نەتانیاهۆ ئەم هەفتەیە لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکرێت

9 كاتژمێر لەمەوپێش
دادگای ناوچەی قودس داوای دواخستنی دانیشتنەکانی دادگاییکردنی بنیامین ناتانیاهۆى قبوڵکرد، بەوهۆیەشەوە لەم هەفتەیەدا بانگهێشت ناکرێت لێپرسینەوەى لێ ناکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە دادگا بۆ ئەوەی بۆ دادوەرەکان ڕوون بکاتەوە کە بۆچی دەبێت دانیشتنەکانی دۆسیەکەی دوابخرێن لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ناوچەکە.
دادگاکە ڕۆژی هەینی داوای نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، ڕەتکردبووەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیفادەکانی لە دادگاییکردنیدا بۆ ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو بەهۆی ئەو بابەتەی کە بە "پرسە نیشتمانی و ئەمنی و سیاسییە ئەولەویەتی باڵاکان" ناوی بردووە.
دوابەدوای ئەمەش ناتانیاهۆ داواکارییەکی دیکەی پێشکەش کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەروارەکانی ئیفادەکانی و زەرفێکی مۆرکراوی پێشکەش بە دادگا کرد کە خشتەی داهاتووی خۆی تێدابوو.
ئەمیت حەداد، پارێزەری نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە سەرۆک وەزیران پێویستی بە پشووی دوو هەفتەیی هەیە، بۆ ئەوەی کاتەکانی بۆ "پرسە دیپلۆماسی و نیشتمانی و ئەمنییەکانی" تەرخان بکات، ئەمەش لە دوای شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئێران کە ڕۆژی سێشەممە کۆتایی هات.
بە وتەی حەداد، پرسەکان بریتین لە “بەڕێوەبردنی شەڕی غەززە و مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی بارمتەکان”.
لە وەڵامەکەیدا، نووسینگەی داواکاری گشتی دەوڵەت دەڵێت کە "ئەو هۆکارە گشتیانەی کە لە داواکارییەکەدا بە وردی باسکراون ناتوانن پاساو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو هەفتەی دانیشتنەکان بهێننەوە، بەتایبەتی لە پێش پشووەکاندا."
ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر دادگا چەند جارێک دەستکاریی کاتى دانیشتنەکانى کردووە بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ کاتەکانى نەتانیاهۆدا بگونجێت، لەوانە ڕێگەی پێداوە کە هەفتەی دووجار ئیفادە بدات، نەک سێ جار لە هەفتەیەکدا.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ نەتەنیاهووی وەک "جەنگاوەرێک" ناوبرد و ستایشی سەرکردایەتییەکەی کرد و ماوەی دەسەڵاتی بە "یەکێک لە مەزنترین ساتەکانی مێژووی ئیسرائیل" ناوبرد.
