ئیسرائیل هەڕەشە دەکات: مەرجەکانی حـەماس قبوڵ ناکەین

10 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکى باڵاى ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەدەکات ئەگەر ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە غەززە نەکرێت، هێز بەکاردەهێنێت و ڕایگەیاند کە تەلئەبیب مەرجەکانی حەماس ڕەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا نەمساییەکەی، گیدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، وتی: هێز بەکاردەهێنین ئەگەر لە غەززە نەگەینە ڕێککەوتن. "ئێمە مەرجەکانی حەماس بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە قبوڵ ناکەین، تا ئەو کاتەی حەماس بە شێوەیەکی کاریگەر کۆنترۆڵی غەززە بکات.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشى خستەڕوو پێشنیارەکەی ویتکۆف سەبارەت بە غەززە دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی مرۆیی، بەڵام تا ئێستا حەماس ئەوەى ڕەتکردووەتەوە.
ساعر ئاماژەی بەوەدا کەناکۆکى هەیە لە نێوان هەردوولادا هەیە لەسەر ڕێککەوتنەکە، ئەو دەڵێت "بەڵام حەماس هەوڵدەدات بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆی بارمتەکان بەکاربهێنێت".
جگە لەوەش وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی کرد و وتی: بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل.
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسى فەلەستینی سەبارەت بە گەیشتن بە ئاگربەست و ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان نێوەندگران و بزووتنەوەکە چڕتر بووەتەوە و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتیارکرد هەنگاوى نەناوەو وەستاوە.
تاهیر نونو، ڕاوێژکاری میدیایی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس، چوارشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برایانی نێوەندگیری لە میسر و قەتەر نەوەستاوەو حەماس پێشوازی لە هەر هەوڵێکی دڵسۆزانە دەکات بۆ ڕاگرتنی شەڕ و گەیشتن بە ڕێککەوتن". ئاماژەی بەوەشکردووە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بزووتنەوەکە دەیەوێت ڕێککەوتنێک "لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە کە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بەدەستبهێنێت، کشانەوەی سەربازیی تەواوەتی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هاتنە ناوەوەی هاوکارییەکان و ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان"، بەپێی ئەوەی کە ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە.
