الشرق الاوسط: چەند مانگێکە ململانێ لە نێوان عومێری و زێدان هەیە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لەگەڵ ئەوەی لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقدا، باس لە هۆکاری "تەندروستی" كرا بۆ خانەنشین بوونی جاسم عومێری ، سەرۆکی پێشوی دادگا فیدراڵی، بەڵام ململانێیەکی گەرم لە نێوان عومێری و فایق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی سەریهەڵدابوو.
سەرەنجام، زێدان بە سەرکەوتوو بوو لە لادانی عومێری و کاندیدکردنی دادوەر مونزیر ئیبراهیم حسێنی جێگری، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دادگای فیدراڵی.
فایەق زێدان، جگە لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، وەک سەرۆکی دادگای پێداچونەوەش كاردەكات.
سەرچاوە دادوەرییەکان باس لە "ململانێی باڵەكان" دەکەن لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا، لە چەند مانگی رابردوودا، زیاتر لە ململانێیەك لە نێوان فایق زیدان و جاسم عومێریدا تەقیوەتەوە، بە چوونە دەرەوەی عومێری، ململانێكە کۆتایی هات.
نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی، لە (19)ی حوزەیران دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵیان پێشکەش کرد، ئەوەش لە ئەنجامی پەرەسەندنی ململانێی نێوان ئەنجومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵی، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەکە بە كرداری بووە هۆی دوورخستەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە پۆستەکەی و مانەوەی ئەندامەكانی دیكە، ئەمەش رێگەی خۆشدەكات بۆ گەڕانەوەیان بۆ دادگاكە، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی دادگاكە.
عومێری، لە ماوەی دە رۆژی رابردوودا هەوڵێكی زۆریدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ململانێی نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای پێداچونەوە، بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی لەلایەن سەرۆكی كۆمارو سەرۆکی پەرلەمانەوە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون.
عومێری دوو داواکاری پێشکەش بە مەحمود مەشهەدانی و عەبدولەتیف رەشید کردبوو، داوای کردبوو، تا هاوپەیمانی "ئیدارەی دەوڵەت" کە پێكهێنەری حكومەتە، كۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی ناکۆکی نێوان بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای پێداچونەوە، هەروەها بانگهێشتکردنی شارەزایانی دەستوری و یاسایی بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکە و دەربڕینی بۆچونەکانیان لەسەر ئەو بابەتە.
