سودانى: سیستەمی بەرگرییمان نەبوو بۆ ڕێگرى لە فڕۆکە ئیسرائیلیەکان
.png)
8 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، عێراق نەیتوانیوە ڕێگری لە فڕینی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بکات لە ئاسمانی خۆیدا لە کاتی هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران، هۆکارەکەی بۆ نەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی گەڕاندەوە.
ئەمەش یەکەمین دانپێدانانی ڕاشکاوانەو ئاشکرایە کە ڕەنگدانەوەی لاوازى سیستەمی بەرگری ئاسمانی عێراق نیشاندەدات، سودانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی فارسی بی بی سی، ڕۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: ئەوەی ڕوویدا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یاسا و دەستووری نیشتمانی عێراقە.
ئاماژەی بەوەدا کە "ڕاپۆرتە هەواڵگریەکان ٤٨ کاتژمێر پێش شەڕەکە ئاماژەیان بەوەدەدا کە پێشلکارى ئاسمانى هەیە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەى لایەنە ئەمنى و سیاسی و تەنانەت میدیاییەکانیش ئاماژەیان بەوە دەکرد کە کردەوەیەکی سەربازی لە ئارادایە. ئێمە لە کەشێکی وادا بووین، لە ڕێگەی گفتوگۆی بەردەوامەوە لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانان و دراوسێکانمان هۆشداریماندەدا لە مەترسییەکانی دەستدرێژییەکی لەو شێوەیە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بەوەى چ ڕێوشوێنێک بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی ئاسمانی گیراوەتەبەر، ئەوە دەخاتەڕوو، پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتێکی سەربەخۆیە کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە، پێشێلکردنی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیە بۆ سەر سوپا و ئاسایشی عێراق و دانیشتوانی وڵاتەکە.
ئاماژەى بەوەشدا لەدەستوورى عێراقدا باس لەوە دەکات کە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دیکە ڕێگەپێدراو نییە، بەجۆرێک ئەو دەستدرێژیەش پێشێلکارییەکی ڕوونی یاساکان بوو، هەر بۆیەش پەنایان بۆ ڕێکارە یاساییەکان برد بە پێشکەشکردنی سکاڵایەکی فەرمی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان".
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەوەى عێراق هیچ وەڵامدانەوەیەکى سەربازی نەبووە، سودانى لەوەڵامدا دەڵێت: بەداخەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیی زۆرانەی کە لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق هەبوون، هەروەها لاوازى حکومەتەکانی پێشوو لە دابینکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی، بەرگریی گونجاومان نەبوو بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە".
حەختى کردەوە کە "بەدڵنیاییەوە ئێمە بەدوای بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی عێراقیشداین، کە لە سەرەتای ئیدارەکەمەوە دەستیپێکردووە".
سەرۆک وەزیرانى عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو حکومەتەکەی پەیوەندیی چڕ و پڕی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەنجامدەدا بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕەکە.
سودانی هەر لەو چاوپێکەوتنەیدا ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات لەو کاتەوەی دەستبەکاربووە، حکومەتەکەی کاردەکات بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ دروستکردنی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی یەکگرتوو، بەڵام دانی بەوەدانا کە پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە.
