ئیسرائیل ١٥ ساڵە چاودێری زانا ئەتۆمیەکانى ئێران دەکات
.png)
6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیسرائیل پلانی دانابوو زیاتر لە دەیان زانای باڵای ئەتۆمى ئێرانی لە یەک کاتدا لە شەڕی ئەم دواییەی دژی تاران تیرۆر بکات. ئەمەش لوتکەی پانزە ساڵ هەوڵەکانی چاودێری ئیسرائیل بوو، چونکە تەلئەبیب بە وردی بەدواداچوون بۆ جموجووڵەکانی ئەو زانایانە دەکرد.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە پلانەکە بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە کە کاتی ئەم لێدانانە بە وردی هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی زاناکان نەتوانن هەڵبێن و نە خۆیان بشارنەوە.
هەمان سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە، ئەلئەبیت لەساڵی 2003ه وه بەوردی چاودێری بەشێک له زانایانی باڵای ئێران دەکات، تەنها چەند ساڵ دوای ئەوەى بۆیەکەمجار هەواڵگرى ئیسرائیل بۆی دەرکەوتووه که ئێران هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکێکی ناوەکی دەستپێکردووه.
ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠١٠ هەوڵەکانی چڕتر کردەوە، کاتێک دوو زانا لە هەوڵی تیرۆرکردندا کرانە ئامانج. یەکێک لەو زانایانەی لە هێرشەکانی ئەم مانگەدا کوژرا، فەرەیدون عەباسی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بوو، کە لە ساڵی 2010 لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووبوو.
هەروەها محەممەد مەهدی تارانچی کە بەرپرسی دروستکردنی تەقەمەنی بۆ چەکی ئەتۆمی بووە و مامۆستا بووە لە زانکۆی شەهیدى بەهەشتی کە زۆرێک لە زانایانی ئەتۆمی لەوێ کاریان کردووە، کوژراوە.
هاوکات پێدەچێت زۆربەی ئەو زانایانەی کە لە کاتی "جەنگی ١٢ ڕۆژەدا" لەناوچوون، بەشدار بوون لە تاقیکردنەوە و کۆکردنەوەی بەشە سەرەکییەکانی سەری ئەتۆمی.
لە نێو ئەو کەسانەی کە کوژراون، سەید سدیقی سابیر، زانایەکی دیار بوو کە بەم دواییە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا بەهۆی کارەکانی لەسەر چەکی ئەتۆمی.
ئەم گورزانە یەکەم جارە کە زانایانی ئەتۆمی ئێران لە دوای تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە لە ساڵی ٢٠٢٠ بە ئامانج گیرا.
لای خۆیەوە، ئێریک بریور، بەڕێوەبەری پێشووی پرۆگرامی دژە بڵاوبوونەوەی چەک لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، پشتڕاستی کردەوە کە لەدەستدانی ئەم شارەزاییە لە قۆناغی پەرەپێدانی بۆمبدا کاریگەری زیاتری دەبێت لە لەدەستدانی وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات، بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ.
لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ١٣ی حوزەیران، ٩ زانا کوژران کاتێک ئیسرائیل لە هێرشێکی نزیک لە یەک کاتدا هێرشێکی مووشەکی لە ماڵەکانیان لە تاران هەڵدا. لە هێرشەکانی دواتری ئیسرائیل لانیکەم پێنج کەسی دیکە کوژران.
