چوار ژنە زیندانی لە ئەوین ساتى هێرشەکەى ئیسرائیل دەگێڕنەوە

10 كاتژمێر لەمەوپێش



 

چوار ژنە زیندانی لە بەشی ژنانی زیندانى ئەوینى ئێران، کە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ زیندانى قەرچاک ڤارامین گواستراونەتەوە، وردەکاری نوێیان بۆ بی بی سی فارسی گێڕایەوە سەبارەت بە ساتى هێرشەکەو کاتى گواستنەوەی زۆرەملێ و بارودۆخی نامرۆڤانەی قەرچاک.

یەکێک لەو ژنانە سەبارەت بە هێرشەکەی دووشەممەی ڕابردووی ئیسرائیل دەڵێت: لە تەنیشت جێگاکەم دانیشتبووم، کتێبێکم بەدەستەوە بوو، لەناکاو ئەو دەنگەی کە نزیکتر و نزیکتر دەبووەوە، بەهۆی تەقینەوەیەکی ترسناکەوە پچڕا، وەک ئەوە وابوو دیوارەکان بەرزکراونەتەوە بۆ هەوا و سەقفەکان دەلەرینەوە".

یەکێکیان دەڵێت، شەپۆلی تەقینەوەکە بەشی ژنانی هەژاندووە و لانیکەم پێنج تەقینەوەی دیکە بیستراوە و زیندانییەکان گریمانەیان کردووە کە دەنگەکە لە "بینای ئیدارەیی و ژووری کۆبوونەوە و بینای تەندروستی و ئەمنی"ەوە هاتووە.

ئەوان دەڵێن دوای هێرشەکە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر هیچ کارمەندێکی فریاگوزاری نەچووەتە ناو بەشی ژنانەوە، پاسەوانەکانیش تەنها دوای ئەوەی دڵنیابوون کە سەلامەتە، گەڕانەوە بۆ بەشی ژنان. دەڵێن "خۆمان گەیشتینە دەست بریندارەکان، بەشی نەخۆشخانەکەمان پاککردەوە، بەڵام کەس نەهاتە لامان".

بە وتەی ئەو زیندانییانە، "لەهەمان کاتدا لەگەڵ هێرشەکەدا هێڵی ئاو و تەلەفۆن پچڕاوە".

یەکێک لەوانە دەڵێت: پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزانەکان نەدەکرا، کەمی زانیاریش بووە هۆی ئەوەی هەندێک لە خانمان تووشی تێکچوونی دەمارەکان، گرژبوون، یان بێهۆشبوون ببن".

ئەم چوار ژنە سەبارەت بە گواستنەوەیان بۆ زیندانی قەرچاک دەڵێن: ئەو شەوە بە زیندانییە ژنەکان گوترا کە یەک سەعات ماوە کەلوپەلەکانیان کۆبکەنەوە، ئەگینا بە گازی فرمێسکڕێژ و لێدان دەگوازرێنەوە، دەیانگوت باشترە ئەگەر خۆبەخشانە بچن، ئەگینا خۆمان دەتانبەین".

بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر ٦١ ژن بە دەستبەندەوە و لەگەڵ زۆرێک لە دەرمان و کەرەستەی پێویستیان بۆ زیندانی قەرچاک گوازرانەوە. لە کۆشکێکی کانزاییدا جێگیرکرابوون کە هەواگۆڕکێی تێدا نەبوو و ئاودەست و خزمەتگوزاری سەرەتایی نەبوو: "پەرستار نەبوو، تەنها فێنککەرەوەی ئاوی بەتاڵ لە گۆشەی هۆڵەکەدا هەبوو، ئەمەش تەنیا تینوێتییان زیاتر دەکرد."

لەگەڵ چوونە ژوورەوەی ژنان لە قەرچاک، پشکنینی جەستەیان بۆ کراوە. بە وتەی یەکێک لەوان، “مامەڵەی بەشێک لە ئەفسەرانی قەرچاک توند بووە، تەنانەت بەزۆر پاڵیان بە ژنانی بەساڵاچوو و نەخۆشیشەوە دەنا،. دوای گەڕانەکە، گروپەکە بردرانە کۆشکێکی داخراو و بێ پەنجەرە کە هەوای لەڕادەبەدەر قورس و خنکێنەر بوو.

دوای ٥٠ کاتژمێر مۆڵەتی پەیوەندیکردن بە خێزانەکانەوە دراوە: تەنها هەریەکەیان دوو خولەکیان پێداین. هەندێک منداڵ لە پەنجەرەی پاسەکەوە خێزانەکانیان بینیبوو و تەنانەت نەیاندەتوانی دەستیان لێبدەن".

یەکێکیان دەڵێت: "خۆزگە ئێمە هەر لەوێ لە ژێر داروپەردووی ئەوین کوژرابایە، نەک بەم مردنە وردە وردە لە کۆشکێکی بێ هەوا و بێ ئاگاداردا".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار