نەتانیاهۆ: ئێران هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئێمە

7 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە هۆشدارییدا کە بەرنامەی ئەتۆمی و توانای مووشەکی ئێران هێشتا هەڕەشەو مەترسى گەورە بۆ ئیسرائیل دروستدەکات.

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل ئەمڕۆ ڕایگەیاند: هەڕەشەی ئێران گەورەترە لە هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، کە هەمیشە بەردەوام بووە لەسەرمان.

ئەو وتیشى: ئێران لە رێگەی هێزی ئەتۆمی و توانای مووشەکییەوە هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر ئێمە دروست کردووە

نەتەنیاهۆ جەختیکردەوە مەرج نییە ئەمریکا بەشداربێت لە وەستاندنی هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتایی هێنان بەو هەڕەشەیە.

لەلایەکى دیکەوە، پێگەى واڵا نیوزى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نەتانیاهۆ لەگەڵ وەزیری بەرگریی و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی بیرۆکەکانە سەبارەت بە سەربازە رفێنراوەکان لە کەرتى غەزە و پلانى داهاتووی شەڕەکان لەو کەرتە.

بەپێی ئەو ماڵپەڕە، دواتر ئەو پێشنیازانە دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەسەندکردنی.

لەلایەکى دیکەوە، عەباس عراقچی، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی 'سی بی ئێس'ـی ئەمەریکی ڕاگەیاند "تەکنۆلۆجیا و زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە بۆمباران لەناو ناچن." ئەم قسەیەی ئاماژەدان بوو بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران دەتوانێت بەخێرایی زیانەکانی هێرشەکان چاک بکاتەوە، هەروەها  ئەگەر ئیرادەمان هەبێت بۆ پێشکەوتنی نوێ لەم پیشەسازییەدا، دەتوانین قەرەبووی کاتە لەدەستچووەکان بکەینەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: پێم وانییە دانوستانەکان بەو خێراییە دەست پێ بکەنەوە، پێش ئەوەی بڕیاری دووبارە بەشداریکردنەوە بدەین، پێویستە سەرەتا دڵنیابین لەوەی ئەمەریکا لە کاتی دانوستانەکاندا هێرشی سەربازی ناکاتە سەر ئێمە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار