ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم لەبارەی مووچەوە کۆدەبێتەوە

20 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و پرسی موچەی مانگەکانی پێنج و شەش تاوتوێ بکات، هەروەها پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیە.

پەیامنێری هاوڵاتى باسی لەوەکرد، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکرێت.

هاوکات، بڕیاریشە بەدواداچوون بۆ موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی موچەخۆرانی هەرێم بکرێت.

حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە، کاتژمێر 10ـى پێش نیوەڕۆى ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خستنەڕووى دەرئەنجامى کۆبوونەوەکانى ئەمدواییەى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان و شاندى حکومەتى فیدراڵ بە ئامادەبوونى نوێنەرى کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بە هەناردنەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کورستان لەڕێى کۆمیانیاى سۆمۆوە کۆدەبێتەوە.

لە کارنامەکەی حکومەتى هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بەدواداچوون بۆ مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیرانى مووچەخۆران دەکرێت.

دەشڵێ، دەرئەنجامى کۆبووەنەوەکان لەلایەن وەزیرى سامانە سروشتییەکان و سەرۆکى ئەنجومەنى دیوان و سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەخرێتەڕوو.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، چاوەڕوان دەکرێت بەغداد موچەی مانگی پێنج رەوانە بکات تا هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق دەگەنە رێککەوتن سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و رادەستکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند رۆژی رابردوو لەنێوان وەفدی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ئەنجامدران، هیچ رێککەوتنێکی تێدا نەکراوە.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار