عێراقچی: هێزەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جووڵەیەک ئامادەن

5 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەهەموو توانایانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جووڵەیەکی ئیسرائیل و پشتیوانەکانی ئامادەن.
عەباس عێراقچی لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەنزوێلا رایگەیاند، ئەم دەستدرێژییە کە پێشێلکارییەکی گەورەی بنەماکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی بوو، ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی خستووەتە ژێر هەڕەشەیەکی بێوێنەوە و دووڕوویی پشتیوانانی ئیسرائیلی زیاتر ئاشکراکرد.
عێراقچی دەستدرێژی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێرانی بە خیانەت لە دیپلۆماسی و زەبرێکی بێوێنە لە یاسای نێودەوڵەتی وەسف کرد. جەختیشیکردەوە کە هەموو پشتیوانانی ئیسرائیل لە تاوانەکانیدا هاوبەشن.
لەلایەکى دیکەوە موحسین رەزایی، فەرماندەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، جەنگی ئەمجارە تا لەناوبردنی رژێمی زایۆنی و چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەردەوامدەبێت.
گوتیشی، ئەمە یەکەم جارە جەنگێکی لەو شێوەیە راستەوخۆ لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێرانەوە فەرماندەیی بکرێت.
هەروەها فەرماندەی پاسداران دەڵێت، ئەم شەڕە بە هاوکاریی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بنکەی خاتەمولئەنبیا ئەنجامدرا، سەرجەم فەرمانەکان لەلایەن خامنەیی بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچوون.

