پێش ئاگربەست ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە زیاتر کردووە

9 كاتژمێر لەمەوپێش
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاند سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە چڕتر دەکاتەوە، ئەمەش بە گەورەترین پەرەسەندنی دادەنرێت لەماوەی چەند مانگى ڕابردوودا.
سەرچاوە پزیشکییەکانیش باسیان لە کوژرانی ٦٣ هاووڵاتیی فەلەستینی کردووە لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی کەرتی غەززە.
بە گوێرەی ئاژانسی پەخشی ئیسرائیل ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، زیادبوونی فشارە سەربازییەکان بەشێکە لە پلانێک پێش گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەرکانەی کە ماونەتەوە بریتین لە دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی بەیت حەنون و شاری غەززە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی دوو لیوای حەماس.
ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەلەستین لە زاری سەرچاوەکانی فەلەستینەوە بڵاویکردەوە، "لە نێو ئەوانەی لەلایەن هێزە داگیرکەرییەکانەوە کوژراون، 28 هاووڵاتی هەبوون کە لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە چاوەڕوانی یارمەتی مرۆیی بوون".
بەگوێرەی ناوەندی زانیاریی فەلەستین، "هێزە داگیرکەرەکان کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا، دوای ئەوەی قوتابخانەی مستەفا حافزیان بۆردومانکرد، کە پەناگەی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای شاری غەززە بوو".
رۆژی چوارشەممە، دووی تەممووزی 2025، تاهیر نونو، سەرکردەی حەماس لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان، "ئامادە و جدییە سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن ئامادەشە هەر دەستپێشخەرییەک قبووڵ بکات، کە بە روونی ببێتە هۆی کۆتاییهێنانی تەواوەتی شەڕ."
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت شاندێکی حەماس ئەمڕۆ چوارشەممە لە قاهیرە لەگەڵ نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشنیازەکەی ئەمریکا.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال تروس رایگەیاند، ئیسرائیل رازی بووە بە مەرجەکانی ئاگربەستێکی 60 رۆژە لە غەززە. داوای لە حەماس کرد پێش ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت، رێککەوتنەکە قبووڵ بکات.
سەرۆکی ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر حکومەتی ئیسرائیل و حەماس زیاد کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنانی جەنگ.
