ڕووسیا بە فەرمی دان بە حکومەتی تاڵیباندا دەنێت

24 كاتژمێر لەمەوپێش



 

حکومەتی ئەفغانستان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، رووسیا بووە یەکەم وڵات کە بە فەرمی دان بە دەسەڵاتەکەیدا بنێت و بڕیارەکەشی بە "ئازایانە" وەسفکرد.
 
راگەیێندراوەکە دوای کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و دیمیتری ژیرنۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ئەفغانستان هات.
 
موتەقی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆبوونەوەکەدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، گوتی: "ئەم بڕیارە ئازایانەیە دەبێتە نموونە بۆ ئەوانی دیکە، ئێستا کە پرۆسەی دانپێدانان دەستیپێکردووە، رووسیا لەپێش هەمووانەوە بوو."
 
زیا ئەحمەد تەکال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان گوتی: "رووسیا یەکەم وڵاتە کە بە فەرمی دانی بە ئیمارەتی ئیسلامیدا ناوە."
 
هاوکات زەمیر کابولۆڤ، نوێنەری تایبەتی مۆسکۆ بۆ کاروباری ئەفغانستان رایگەیاند، حکومەتەکەی "دانی بە حکومەتی تاڵیباندا ناوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش هەواڵەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی تاس پشتڕاستکردەوە.
 
چەندین وڵاتی دیکە، لەنێویاندا چین و پاکستان، باڵیۆزی تاڵیبانیان لە پایتەختەکانیاندا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی دانیان بە ئیمارەتی ئیسلامیدا نەناوە.
 
وای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان لە مانگی ئابی ٢٠٢١، تاڵیبان کۆنترۆڵی کابولی پایتەختی کرد و پێکهێنانی حکومەتی نوێی لە ژێر ناوی "ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان" ڕاگەیاند.

ئەم حکومەتە هێشتا دانپێدانانی فەرمی نێودەوڵەتی وەرنەگرتووە، بەو پێیەی زۆربەی وڵاتان پێویستیان بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت مافەکانی ژنان و پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر هەیە.

لە ئێستادا تاڵیبان لەلایەن هیباتوڵڵا ئاخوندزادە سەرکردایەتی دەکرێت و کابینەیەکی هەیە کە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە لەخۆدەگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار