سودانی دەرفەتێک بە سەدر دەدات

دوێنێ
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت بڵاویکردەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە سەرەڕای کۆتاییهاتنی وادەی تۆمارکردنی کاندیدەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە، بەردەوامە لە سەرقاڵکردنی رای گشتی بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ سیاسەت و ئەگەری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە رۆژنامەکەیان گوتوە، رەنگە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان گفتوگۆ بکات لەبارەی رێوشوێنی یاسایی بۆ پێدانی وادەیەکی نوێ بۆ تۆمارکردنی زیاتری کاندیدەکان، ئەوەش دەرفەتێکی دیکە بۆ سەدر دەڕەخسێنێت ئەگەر بیەوێت بەگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە و کێبڕکێی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکات.
دەشڵێ، ئەگەر سودانی ئەو کارە بکات، ئەوا گومانەکانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر دەبێت لە ئەگەری هاوپەیمانی نێوان سودانی و سەدر و هەوڵدانی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق بۆ خولێکی دیکەی پۆستەکەی، هەرچەندە هیچ گەرەنتییەک نییە.
عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی بە رۆژنامەکەی گوتووە، دەسەڵاتەکانی سەرۆکوەزیران رێگەی پێدەدەن داوای کردنەوەی تۆماری کاندیدەکان لە کۆمسیۆن بکات، کۆمسیۆنیش مافی خۆیەتی ئەو کارە بکات، بە مەرجی بوونی هۆکار.
موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنەکانی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا بە بەدەستهێنانی 71 کورسی پەرلەمان توانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بباتەوە و لە ریزبەندیەکەدا پلەی یەکەمی هەبێت، بەڵام دواتر بەهۆی رێگریکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆکۆمار و پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لەلایەن سەدرەوە لەگەڵ هاوپەیمانە سونیی و کوردییەکان لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە.

