ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: پشکنەرەکان ئێرانیان بەجێهێشت

16 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی پشکنەرەکانی ئێرانیان بەجێهێشت، ئەوەش دوای ئەوەی تاران بە فەرمی هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕاگرتن، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.
ئێران دوابەدوای شەڕێکی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە هێرشی بێ وێنەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و توندترکردنی گرژییەکانی نێوان تاران و ئاژانس لەخۆگرتبوو، هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس ڕاگرت.
ئاژانسەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە: "ئەندامانی تیمی پشکنینی ئاژانسەکە ئەمڕۆ بە سەلامەتی ئێرانیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ بارەگاکەی لە ڤیەننا، دوای ئەوەی بەدرێژایی ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییە لە تاران مانەوە".
ناوبراو زیادی کرد: بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕافائیل گرۆسی، گرنگییەکی زۆری دانوستانەکانی نێوان ئاژانس و ئێرانی سەبارەت بە ڕێگاکانی دەستپێکردنەوەی چالاکییە جەوهەریەکانی چاودێری و پشتڕاستکردنەوە لە ئێران لە زووترین کاتدا دووپاتکردەوە.
هاوکات ئاژانسى بلومبێرگ، بڵاویکردووەتەوە، رێکخراوی چاودێریی ئەتۆمی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، پاش جێبەجێکردنی یاسایەکی نوێ کە چاودێریی نێودەوڵەتی بە تاوان دەزانێت، دوایین پشکنەرەکانى خۆی لە ئێران کشاندووەتەوە.
باسى لەوەشکردووە، کشانەوەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەو واتایەیە، تاوەکو ئێستا شوێنی 409 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوى ئێران کە نزیکە لە دروستکردنى بۆمبى ئەتۆمیی، دیار نییە و 274 پشکنەری باوەڕپێکراوی ئاژانسەکە چیتر ناتوانن شوێنەکەی پشتڕاست بکەنەوە.
ئێران ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو بە فەرمی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس ڕاگرت.
ڕۆژی 25ی حوزەیران، ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ئاگربەست، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناڤۆکی پەسەند کرد.

