ئەردۆغان: له ئاست ههوڵهكانی ناتانیاهۆ بێدەنگ نابین

15 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی کردەوە، سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەمان دەکات. دەشڵیت: له ههوڵهكانی ناتانیاهۆ له ناوچهكه بێدهنگ نابین.
هەینی 4ـی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە 17ـەمین لوتکەی ڕێکخراوی سەرانی ئیکۆ، گوتی: سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەمان دەکات، پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ ڕاگرتنی دڕندەییەکانی بەرانبەر بە غەززە کە بەهۆیەوە نزیکەی 57 هەزار کەس بوونەتە قوربانی.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەردۆغان، ڕایگەیاند: ئێمە لە یەکەم ڕۆژەوە ئەوەمان گوتووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران قبووڵنەکراوە و هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی ناوچەکەمان پەلکێشی ناو کارەساتێکی گەورە نەبێت، هیوادارین ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات ببێتە مایەی ئارامی.
دەشڵێت: پاشخانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، سووریا و ئێران، سیاسەتی ناچارکردنی گەلی فەڵەستینە بۆ ملکەچبوون. سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە، ئێمە لە ئاست هەوڵەکانی دەسەڵاتی ناتانیاهۆ بۆ گۆڕینی ناوچەکە بە گۆمی خوێن بێدەنگ نابین.
دوو هەفتە لەمەوبەرو لەکاتى شەڕى نێوان ئێران و ئیسرائیلیشدا ئەردۆغان هێرشى توندى کردە سەر سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل و بەهیلتەر ناوى برد.
ئەو کاتە لەکۆبوونەوەى ڕێکخراوی لوتکەی هاوکاری ئیسلامی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا وتارێکى پێشکەشکردو باسى لەشەڕى ئێران و ئیسرائیل و بارودۆخى غەززەو سوریاى کرد.
لەبەشێکى قسەکانیدا ئەردۆغان وتى: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وادەکات سیاسیەتی وێرانکاریی بەردەوام بێت، ئیسرائیل لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و کۆمەڵکوژى دەکات نەتەنیاهۆ وەک هیتلەرەو کۆپییەکى ئەوە.
ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو، هێرشەکان لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە دانوستانەکان سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چڕتر دەبوونەوە. حکومەتی نەتانیاهۆ ئامانجی تێکدانی پرۆسەی دانوستان بوو بە هێرشەکانی لە ١٣ی حوزەیران.
وتیشى: ئیسرائیل لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە شانبەشانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بژی کە قودسی ڕۆژهەڵات پایتەختەکەی بێت، هەوڵدەدات شەڕ لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە. وەک چۆن ئەو پریشکە کە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هیتلەرەوە داگیرسابوو، جیهانی ئاگری تێبەردا، تەماحەکانی زایۆنیستی نەتانیاهۆ جگە لە ڕاکێشانی جیهان بۆ کارەسات، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە.
سەرۆک کۆمارى تورکیا لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئەوەشى خستەڕوو، بانگەواز بۆ ئەو وڵاتانە دەکەم کە کاریگەرییان لەسەر ئیسرائیل هەیە؛ نابێت کەس گرنگی بە قسە ژەهراویەکانی نەتانیاهۆ بدات کە بە ستایشەوە پێچراوەتەوە.

