وەزارەتی ناوخۆی هەرێم: عێراق خۆی لە بەرپرسیارێتی دەدزێتەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێدا هاتوە؛ لە ساڵانی ڕابردوش كە بە دەیان جار بە درۆن و موشەك هەرێم کراوەتە ئامانج و ئاراستە و سەرچاوەی موشەك و درۆنەكانیش دیار بون، هیچ کەسێکیش لەسەر ئەو کارە سزا نەدراوە، هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەسەر هێرشيکانی ئەمدواییە، ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، وەڵامی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەداتەوە، کە وتوبوی "ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە."
لە رونکردنەوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی وەکردوە، ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە، لە كاتی بونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لە پێناو زانینی ڕاستییەکان و دوبارەنەبونەوەی هەرەشەکان و سزادانی ئەنجامدەرانی ریوشوێنی جدیی و پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام وەک دەردەکەویت جۆرێک لە خۆدزینەوە و پەردەپۆشکردن هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردوە، لە ساڵانی ڕابردوش كە بە دەیان جار بە درۆن و موشەك هەریم کراوەتە ئامانج و ئاراستە و سەرچاوەی موشەك و درۆنەكانیش دیار بون، بەڵگەی پێویستیش لەبەردەستدا بون، بەڵام لەسەر ئەو تاوانانە كەس سزا ندرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.
دەقی رونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم؛
ئەو چاوەڕوانییە لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندین جار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر.
ئەمە لە حاڵێكدا بوو كە لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە.
لێرەدا ڕایدەگەیەنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاووڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
