کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: کۆچی گەنجان لە ڕاپەڕین گەورەکراوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا رایگەیاند، لە ئەمساڵدا تەنیا لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین هەزار و 100 کەس کۆچیان بەرەو ئەوروپا کردووە.

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا ئەوەی خستەڕوو؛ بەگوێرەی ئامارەکانیان، تەنیا لە ئەمساڵدا تاوەکو ئەمڕۆ 7ـی تەمموز، زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانی، کە هەزار و 100 کەسیان خەڵکی سنووری ئیدارەی راپەڕینن، هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە.

گوتیشی "ئەم ئامارە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمترە، بەوپێیەى لە سنووری ئیدارەی راپەڕین ژمارەکە زیاتر لە هەزار و 500 هاونیشتمانی بوو، لە تەواوی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی شەش هەزار کەسبوو".

لەبارەی گەڕانەوەی کۆچبەرانیشەوە سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت؛ لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 200 کەس گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. 

باسی لەوەشکرد، بەهۆی بێکارییەوە، کۆچی گەنجان دەستیپێکردووەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 6ـی تەمموز رێکخراوی لاوانی راپەڕین رایگەیاند، چوونی گەنجان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تەنیا لەشەوی شەممە 5ـی تەمموز 70 گەنج، لە قەڵادزێوە کۆچیان کردووە.

پێشتر ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی لاوانی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێستا گەنجان رێگەیەکی نوێ بەکاردەهێنن بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەورووپا، ئەویش لیبیایە، کە رێگایەکی مەترسیدارە.
 
باسی لەوەشکرد: "ژمارەی ئەو گەنجانەی ئیدارەی راپەڕین کە دەیانەوێت بچنە ئەورووپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، تەنیا دوێنێ شەو 70 گەنج لە قەڵادزێوە کۆچیان کردووە."
 
ئەحمەد حەسەن گوتی، بەر لە رەمەزانی ئەم ساڵ تەرمی مێرمنداڵێک کە لەو رێگەیەوە هەوڵی گەیشتن بە ئەورووپای دابوو، گەڕێندراوەتەوە هەرێمی کوردستان، "بینیمان گورچیلە، دڵ و جەرگی دەرهێنراوە و بازرگانی پێوە کراوە، ئێمە ترسمان لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە هەیە."
 
گوتیشی، "راستە مووچە و کار نییە، بەڵام ناکرێت گەنجانمان بە 25 هەزار دۆلارەوە لەو رێگەیە بدەن، بەبێ ئەوەی بزانن بە سەلامەتی دەگەنە ئەورووپا یان نا."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار