ئێران: ئەمریکا چەند پەیامێکى نوێى بۆ ناردووین

5 كاتژمێر لەمەوپێش
یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئێران ڕایدەگەیەنێت لە چەند رۆژى رابردوودا پەیامێکى نوێى ئەمریکایان پێگەیشتوە، پەیامەکە تایبەت بوو بە دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکانى تایبەت بە پرسى ئەتۆمى.
سەعید خەتیبزادە، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەیام لە ئەمریکییەکان گەیشتووە کە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ سەر مێزی دانوستان هەیە، بێگومان هەمووان ئاگادارن کە مێزی دانوستان هەبووە و ئێمە لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا بووین کاتێک هێرشیان کرد.
ئەو بەرپرسە باڵایەى ئێران ئەوەشى خستەڕوو، پێویستە رێگە بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان خۆش بکرێت و متمانە دروست بکرێتەوە، لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندا بووین لەگەڵ ئەوروپییەکان کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەو مێزە بە هەمان شێوە بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
جەختیشیکردەوە بێگومان بەرپرسیارێتی ئەمریکا لە پێشێلکردنی سەروەریی نەتەوەیی ئێران، لێخۆشبوون نییە، بەڵام دیپلۆماسی هەمیشە بنەمای بنەڕەتی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
وتیشى: یەکێک لە پێکهاتەکانی دیپلۆماسی دانوستانە و لە کاتی گونجاودا، ئەگەر پێویست بکات، ئامێری دیپلۆماسی و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ڕژێم بڕیاری خۆیان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنن.
لەلایەکى دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: تاران داوای هیچ دیدارێکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکای نەکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان.
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، "لە هەفتەی داهاتوو یان زیاتر" لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێران کۆدەبێتەوە.
