ویتکۆف بە حەماسی ڕاگەیاندووە، ئاگربەستە 60 ڕۆژییەکە درێژدەکرێتەوە
.jpg)
23 كاتژمێر لەمەوپێش
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بزووتنەوەی حەماسیان ئاگادارکردووەتەوە، کە ئەگەر دانوستانەکان بەردەوام بن، ئاگربەستەکە لە دوای ئاگربەستی 60 ڕۆژە بەردەوام دەبێت، هەروەها ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە دڵنیابوون لەمە.
لە لێدوانەکانیدا بۆ ئەکسیۆس، ویتکۆف ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل داواکارییەکەی حەماس بۆ کشانەوە بۆ سەر هێڵەکان پێش دەستپێکردنى ئاگربەستەکە ڕەتکردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە حەماس و ئیسرائیل لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژە نزیکبوونەتەوە.
پێشکەوتنەکانی دانوستانەکان هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی دووەمی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی.
لە میانی دیدارەکەدا باس لە دۆسیەی غەززە کرا، هەروەها پێویستی بە خێرایی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانەی کە لە کەرتی غەززە ماونەتەوە.
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نیازی خۆی بۆ نەهێشتنی توانای سەربازی و ئیداریی حەماس دووپاتکردەوە، لەگەڵ ئەگەری ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان.
ڕۆژی یەکشەممە گەڕێکی نوێی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە قەتەر دەستیپێکرد، بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست. ئامانج لێی گەیشتن بە پێشنیارێکی نوێ بوو دوای ئەوەی ناوبژیوانان پێشنیارێکی نوێیان پێشکەش بە هەردوولا کرد. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان ئەم پێشنیازە لەسەر بنەمای پێشنیارێکی ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکایە.
پێشنیارەکانی ئەمریکا ئاگربەستی دوو مانگ لەخۆدەگرێت و لەو ماوەیەدا حەماس دە دەستگیرکراوی زیندوو ئازاد دەکات کە لە کاتی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا بردیانە کەرتی غەززە.
