وەزارەتی کارەبا: دوو ملیۆن هاوڵاتی سوودمەندبوون لەپرۆژەی ڕووناکی 

21 كاتژمێر لەمەوپێش



وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بەوەی، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 کاتژمێری گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی 30%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوابەدوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، زۆرینەی هاوڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستییان دەگات بە کارەبای 24 کاتژمێری، و فراوانبوونەکەش تەواوی هەردوو بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانی دەگرێتەوە. 

هەروەها ئاماژەیداوە، ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی ئەو ڕووپێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، زیاتر لە 2 ملیۆن هاوڵاتی و 544 هەزار هاوبەش لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بوون، هەرروەها، زیاتر لە 2,100 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، و تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بکوژێنێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگی پێشووتر ڕایگەیاند بوو کە هاوڵاتییان کەمترین پارەی کارەبایان دابوو لە پسوولەکانی مانگی پێنج. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخە نوێیەکان کەوا بۆ پاراستنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاندانی هاوڵاتییان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەباوە دانراون. لەژێر نرخە نوێیەکاندا، 80%ـی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتیمانی و کارەبای مۆلیدە گازوایلەکان.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026. لە 14ـی ئایاریش، ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد.

بە گوێرەی ئەو پلانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی ڕووناکی دایناوە، تاوەکو کۆتایی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبایان دەکرێتە 24 کاتژمێری.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار