پەیامى ئەردۆغان دواى ڕاگەیەندراوە ڤیدیۆییەکەى ئۆجەلان

22 كاتژمێر لەمەوپێش
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پاش پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، "دەیان ساڵە میللەتی ئێمە چاوەڕێی ئاشتییە و دەبێ پرۆسەکە زوو بەرەوپێش بچێت".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کە لە ساڵی 1999وە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالییە، دوای نزیکەی 27 ساڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە.
ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان لە کۆبوونەوەی گروپی پەرلەمانی پارتەکەیدا لەپەرلەمان وتارێکى پێشکەشکرد، وتى: کاتێک دیواری تیرۆر ڕووخێنرا ان شاءاللە هەموو شتێک زۆر باشتر دەبێت. براوەکان هەموو وڵاتەکەمان دەبن، کورد، تورک، عەرەب.
سەبارەت بەدیدارەکەى لەگەڵ شاندى ئیمرالى ئەوەى خستەڕوو ڕۆژی دووشەممە پێشوازیم لە شاندی پارتی دیموکرات کرد.
ئەو دەڵێت: دیدارێکی زۆر بەرهەمدار و بنیاتنەرمان لەگەڵ ئەوان ئەنجامدا. ئێمە ئامانجی خۆمان بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر دووپات کردەوە. ئێمە دەچینە قۆناغێکەوە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەواڵی ئەرێنیمان پێدەگات. هیوادارین ئەم پڕۆسە بەختەوەرییە لە زووترین کاتدا بە سەرکەوتوویی تەواو بێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕووداوێک ڕووبدات.
قسەکانی ئەردۆغان لە پاش پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دێت کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە.
پەیامەکەی ئۆجەلان کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی تەمموز بۆ رای گشتیی بڵاوکرایەوە، لە 19ی حوزەیرانی 2025 تۆمارکراوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەدا پێداگری لەسەر بانگەوازەکەی 27 ـی شوباتی ئەم ساڵی دەکاتەوە کە تێدا داوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی لە پەکەکە کرد و دەڵێ، ئەو بانگەوازەی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و بنیادنانی كۆمهڵگهی دیموكراسی کردووە.
