نێچیرڤان بارزانی و قاسم ئەعرەجی: عێراق تێکەڵی کێشە و ئاڵۆزییەکان نەکرێت

20 كاتژمێر لەمەوپێش



 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبوونەوە و تیایدا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، دوورخستنەوەی عێراق لە کێشەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەقامگیری کردەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی تەممووزی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوا پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق تاوتوێ کراون و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاریکاریی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان. هەروەها، لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە دوا هەوڵ و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا.
 
سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە، نێچیرڤان بارزانی و قاسم ئەعرەجی هاوڕا بوون کە پێویستە عێراق تێکەڵی کێشە و ئاڵۆزییەکان نەکرێت و کار بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات بکرێت.
 
لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، کە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، تایبەت بوو بە پرسی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و چەند بابەتێکی دیکەی ئەمنی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار