سودانى: بەردەوامین لەسەر ئەوپلانەى چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدابێت 

18 كاتژمێر لەمەوپێش



 

سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەێت حکومەت پلانێکى هەیە بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەوڵەتداو لەسەر ئەو کارەشى بەردەوامە.

ڕۆژى چوارشەممەـ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەى خستوەتەڕوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی میوانخانەی میری هۆزەکانی بەنی حەسەنی لە قەزای ئەلحەیدەریەکردوە لە پارێزگای نەجەف.

سودانی لەگەڵ شێخ و کەسایەتییەکانی قەزاکە و خەڵکی گشتی کۆبووەتەوە، لەبەشێکى قسەکانیدا ئەوەى ڕوونکردەوە، ڕێگە بە هیچ لایەن و قەوارەیەک نادەین لە پرەنسیپ و نەگۆڕەکان لابدات، بەتایبەتی کاتێک باس لە سەروەری یاسا دەکەین کە هەمووان دەپارێزێت.

ئەو جەختیشی لەوە کردەوە "دەوڵەت، بە دامەزراوە فەرمییەکانییەوە، بەرپرسیارە لە بڕیاری ئاشتی، شەڕ، یان پەیوەندییەکانی دەرەوە"، بەرتەسککردنەوەی چەک بۆ دەوڵەت یەکێکە لە بنەماکانی بنیاتنانی دەوڵەت و حکومەت بەپێی پلانێک بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەردەوامە". 

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد کە "عێراق لەناو ناوچەیەکی پڕ لە توندوتیژیدایە و نزیکە لە شەڕەکەو ئەو دەستدرێژییەی ئیسرائیل لەئێران دەستی پێکردوە.

سودانی هەر لەو سەردانەیدا لە بارودۆخی ژیان و کۆمەڵایەتییان ئاگادارکراوەتەوە، داواکاری و پێداویستییەکانیشی وەرگرتووە، سوپاسی هۆزەکانی بەنی حەسەنی کردووە بۆ ئەو بانگهێشتە میهرەبانانە و لە نێو گەلەکەماندا بوون لە قەزای ئەلحەیدەرییە، کە وێستگەیەکی ناوەندی لەسەر ڕێگای حاجیان پێکدەهێنێت و پەناگەیەک بۆ هەموو سەردانکەران لەڕۆژانی ڕژێمی دیکتاتۆرو ئەمڕۆش خزمەتی سەردانکەرانی دەکەن.

دووپاتیشی کردەوە "سەردانەکەی بۆ پارێزگاری نەجەفی پیرۆز درێژەپێدەری بەرنامەی حکومەتە و پشتڕاستکردنەوەی دروشمی حکومەتی خزمەتگوزارییە، بەو پێیەی ئێستا سەرجەم پارێزگاکان شاهیدی پڕۆژەی خزمەتگوزارین کە هاوتەریبن لەگەڵ هیوا و قوربانیدانی عێراقییەکان".

ڕوونیشی کردەوە کە "ئێمە پابەندین بە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و عێراقییەکان، و ڕێگە نادەین وڵاتەکەمان بەشێک بێت لە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێکان".

ئەلسودانی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە پڕۆسەی بنیاتنانەوە و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان، بە تێڕوانینێکی یەکسان و بێ جیاکاری بۆ هەموو عێراقییەکان، بە سپێکترۆمە هەمەچەشنەکانیانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار