دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە وەستاوە

3 هەفتە لەمەوپێش
دوو سەرچاوەی ئاگاداری فەلەستینی ڕایانگەیاندووە کە دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە بەهۆی پێداگری ئیسرائیل لەسەر پێشکەشکردنی نەخشەی کشانەوە لەکەرتى غەززە وەستاوە.
بەپێى ئامارەکان ئێستا نزیکەی 40%ی کەرتی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی سەربازی ئیسرائیلدایەو ئەمەش وایکردوە دانوستانى ئاگربەستەکە ڕووبەڕووی "چەقبەستوویی" ببێتەوەو هەنگاوى نوێ نەنرێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "دانوستاندنەکانی دۆحە بەهۆی پێداگریی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی کشانەوە کە ڕۆژی هەینی پێشکەشی کردبوو، ڕووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگی ئاڵۆز بووەتەوە. داوای دووبارە جێگیرکردنەوە و جێگیرکردنەوەی سوپای ئیسرائیل دەکات، نەک کشانەوە، حەماسیش ئەم هەڵوێستە ڕەتدەکاتەوە".
سەرچاوەیەکى دیکەش ئەوەى خستوەتەڕوو ئیسرائیل بەمەبەستى بەردەوامبووى لەشەڕى وێرانکاریی، بەردەوامە لەسیاسەتى دواخستن و ڕێگری لەڕێککەوتننامەکه.
ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەى ٦٤٥ ڕۆژە ئیسرائیل شەڕێکى درێژخایەن و وێرانکارى بۆ سەر غەززە دەستپێکردوە، سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکانی غەززە ڕایانگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە بەیانی ئەمڕۆوە ٦٠ کەس کوژراون، لەنێویاندا ٢٧ کەس چاوەڕێی یارمەتییەکان بوون.
لە بەیانی ڕۆژی شەممە و شەوی ڕابردوودا، هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل هەڵمەتێکی کوشندەیان دەستپێکرد و چادر و ماڵی ئاوارەکانیان لە شارەکانی غەززە و خان یونس کردە ئامانج . هەروەها ئۆپەراسیۆنی ڕووخاندنی بینای زیاتریان لە کەرتی غەززە ئەنجامدا.
دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر پێی ناوە حەوتەمین ڕۆژی خۆی، لە کاتێکدا حەماس ئیسرائیل بەوتۆمەتبار دەکات کە ڕێگری لە دانوستانەکانی ئاشتی دەکات، بەرپرسانى ئەمریکاش لێدوان و قسەی گەشبینانە لەبارەی پێشکەوتن لە دانوستانەکان و ڕێککەوتنێکی "نزیک" لە ماوەی "چەند ڕۆژێکدا" دەکەن.
لە نێوان بەردەوامی دانوستانەکان لە دۆحە لە یەکشەممەی ڕابردووەوە، نەتانیاهۆ لە کلیپێکی ڤیدیۆیی کە پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، مەرجی ئەوەی دابوو کە حەماس دەبێت چەک داماڵین و نابێت خاوەنی توانای سەربازی بێت و نابێت کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بکات.
ناوبراو ئەگەری یەک ڕێککەوتنی لە غەززە بە بێ ئەمە ڕەتکردەوە و هەڕەشەی گەڕانەوەی بۆ شەڕی کرد و گوتی "ئەگەر بتوانین لە ڕێگەی دانوستانەوە ئەمە بەدەست بهێنین، ئەوە شتێکی باش دەبێت. ئەگەرنا بە ڕێگەی دیکە، لە ڕێگەی دەسەڵاتی سوپای قارەمانەکەمانەوە بەدەستی دەهێنین".
گیدیۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دی پرێسی نەمسایی، مەرجێکی دیکەی بۆ دانوستانەکانی داهاتووی وروژاند و ڕایگەیاند، دەربەدەری سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس دەتوانێت "بەشێک بێت لە چارەسەری کۆتاییهێنان بە شەڕەکە".
نەتانیاهۆ ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا هیوای خۆی دەربڕی کە بتوانرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕێککەوتنێک بکرێت و وتی: پەنجا بارمتە هێشتا دەستبەسەرن (لەلایەن حەماسەوە)، و پێدەچێت تەنها 20 کەسیان لە ژیاندا بن. ئێستا ڕێککەوتنێکمان هەیە کە بڕیارە نیوەی زیندووەکان و نیوەی مردووەکان ئازاد بکەین.
