ڕوانگەى سوریی: ژمارەی کوژراوانی شەڕەکەی سوەیدا گەیشتوەتە ٧٠ کەس

دوێنێ
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت پێکدادانەکان لە پارێزگای سوەیدای سووریا بەردەوامەو تاوەکو ئێستاش ٧٠ کەس کوژراون، ئەو شەڕە ماوەى 48 کاتژمێرە دریژەى هەیە.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئەوەى خستەڕوو ڕایدەگەیەنێت: پێکدادانەکان هێشتا بەردەوامەکان، وەزارەتی بەرگری دەستوەردانی کردوە، بەشێک لە چەکدارانی خێڵی بەدەوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیان بەکارهێناوە، ئەوانەی بەشداری شەڕەکە بوون جلوبەرگی ئەمنی و سەربازییان لەبەردا بووە.
بەپێى ئەو ئامارانەى ڕوانگەى سوریى کۆیکردوەتەوە ژمارەى قوربانییەکان گەیشتوەتە ٧٠ کەس، کوژراوەکان لە دروزەکانی سوەیدا کە دوو منداڵ و ژنێکیان تێدایە، بەشێک لە کوژراوەکانیش لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرین، هاوکات دەیان بریندار لەوشەڕەدا هەیە کەبەشێکیان ژن و منداڵن.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە کە تۆمارى ڤیدیۆ و دەنگیی دەستکەوتووە کە ئەو دیمەن و دەنگە ناخۆشانەیان بەڵگەکردووە کەلەشەڕەکەدا ڕوویداوە، بەڵام بەهۆی ئەو ناوەڕۆکە مەترسیدارانەی کە تێیدایە، خۆی لە بڵاوکردنەوەیان دەپارێزێت، ئەمەش بەشدارە لە تێکدانی پەیکەری کۆمەڵایەتی سوریا و هاندانی ململانێی تائیفی و هەڵگیرسانی بڵێسەی ناتەبایی لە نێوان خەڵکی هەمان نەتەوەدا.
رۆژی شەممەى ڕابردوو لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.
رامی عەبدولڕەحمان گوتی، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزی پشتیوانیی بۆ سوەیدا ناردووە کە چەکی جۆراوجۆریان پێیە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و پشتیوانی ئەو بازگانە بکەن کە هێرشیان کراوەتە سەر.
ڕوانگە بانگەوازی خۆی بۆ هەموو لایەنەکان دووپاتدەکاتەوە کە دەستبەجێ پەرەسەندنەکان ڕابگرن و عەقڵ و دیالۆگ لە باوەش بگرن بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و یەکگرتوویی کۆمەڵگای سوریا.
