ئیسرائیل: ڕێگە نادەین زیان بە دروزەکانى سوریا بگات

4 كاتژمێر لەمەوپێش



یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سوپا وەک پەیامێکی ڕوون و هۆشدارییەک بۆ ڕژێمی سوریا هێرشی کردە سەر ئامانجەکانی سوریا.

کاتز لە هەژماری تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس پەیامێکى بڵاوکردەوەو ڕایگەیاندووە، "هێرشەکانی ئیسرائیل پەیامێکی ڕوون و هۆشدارییەک بوون بۆ ڕژێمی سوریا، ڕێگە نادەین زیان بەوان بگات".

ماوەى 48 کاتژمێرە لە پارێزگای سوەیدای سووریا شەڕو پێکدادان لەنێوان دروزەکان و هێزەئەمنیەکانى وەزارەتى ناوخۆى سوریا بەردەوامە،  بەڕێوەبەری ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت بەهۆى ئەو پێکدادانانەوە تاوەکو ئێستاش ٧٠ کەس کوژراون، ئەو شەڕەش هێششتا دریژەى هەیە.

ئەم لێدوانانەى وەزیرى بەرگریی دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشێکی کردۆتە ئامانج و ژمارەیەک تانکی لە گوندی سامیع لە پارێزگای سوەیدە لە باشووری سوریا ئەنجامداوە.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە دووپاتی کردەوە کە ڕێگە نادات "مەترسی سەربازی" لە باشووری سووریا بوونی هەبێت، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە ئامانجکردنی تانکەکانی ئەو ناوچەیە، کە بەهۆی پێکدادانەکانەوە دەیان کوژراوی لێکەوتووەتەوە.

ئەفیخاى ئەدرعى وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل پێشتر هێرشی کردووەتە سەر تانکەکان "لەکاتێکدا بەرەو ناوچەی سویدە دەڕۆیشتن"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "بوونی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە باشووری سوریا دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل".

تایفەی دروز؛ ژمارەیان بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت؛ زۆرترینیان نیشتەجێی پارێزگای سوەیدای باشووری سووریان کە ژمارەیان سەرووی 700 هەزار کەسە، لە لوبنان و ئیسرائیلیش هەن.

دروز سەر بە ئایینە "باتنییەکان"ـن، کە هێشتا زۆر شت لەسەریان نازانرێت و بە کۆمەڵگەی داخراو ناسراون، باوەڕیان بە کتێبی "نامەکانی حیکمەت" هەیە کە بە گوتەی خۆیان "تەفسیرێكی باتنی" قورئانی پیرۆزە؛ بە گشتی دروزەکان لە مەزهەبی شیعەوە نزیکن.
 
بەپێى ئەو ئامارانەى ڕوانگەى سوریى کۆیکردوەتەوە ژمارەى قوربانییەکان گەیشتوەتە ٧٠ کەس، کوژراوەکان لە دروزەکانی سوەیدا کە دوو منداڵ و ژنێکیان تێدایە، بەشێک لە کوژراوەکانیش لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگرین، هاوکات دەیان بریندار لەوشەڕەدا هەیە کەبەشێکیان ژن و منداڵن.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە کە تۆمارى ڤیدیۆ و دەنگیی دەستکەوتووە کە ئەو دیمەن و دەنگە ناخۆشانەیان بەڵگەکردووە کەلەشەڕەکەدا ڕوویداوە،  بەڵام بەهۆی ئەو ناوەڕۆکە مەترسیدارانەی کە تێیدایە، خۆی لە بڵاوکردنەوەیان دەپارێزێت، ئەمەش بەشدارە لە تێکدانی پەیکەری کۆمەڵایەتی سوریا و هاندانی ململانێی تائیفی و هەڵگیرسانی بڵێسەی ناتەبایی لە نێوان خەڵکی هەمان نەتەوەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار