سوپاى سوریا دەستیان کردووە بە جوڵە بەرەو گەڕەکەکانى سوەیدا

دوێنێ
وەزارەتی بەرگریی سوریا ڕایدەگەیەنێت هێزەکانی سوپا ئەمڕۆ دەستیان کردووە بە جوڵە بەرەو سوەیدا، هاوکات قەدەغەی هاتووچۆی لەو پارێزگایە تا کاتێکى نادیار ڕاگەیەندراوە.
ئاژانسى هەواڵیی سوریا (سانا)، بە پشتبەستن بە زانیاریەکانى هێزەکانی حکومەتی سوریا ڕۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە قەدەغەی هاتووچۆیان لە شاری سویدا ڕاگەیاندوە، دوای ئەوەى لەسێ ڕۆژى ڕابردوودا تێکهەڵچوون و ڕوبەڕوبونەوەى قورس ڕویداوەو تائیستاش نزیکەی ١٠٠ کوژراوی لێکەوتەوە.
فەریق ئەحمەد ئەلدەلاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای سویدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری دەست بە چوونە ناو سەنتەری شاری سویدا دەکەن".
سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکانی سووریا، پێشوازیی لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان و دابینکردنی ئاسایشی پارێزگای سوەیدا.
لە بەیاننامەیەکدا، سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکان، داوای لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی پارێزگای سوەیدا کردووە کە هاوکاریی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن و دژایەتیی هاتنەناوەوەیان نەکەن، هەروەها چەکەکانیان رادەستی وەزارەت بکەن.
جەختیش لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی سووریا کراوەتەوە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی رووداوەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە هاوکاریی خەڵکی پارێزگاکە.
سێ رۆژە شەڕ و پێکدادان لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای پارێزگای سوەیدا بەردەوامە. شەڕەکان لە دەوروبەری گوندی کەنناکر و لە شارۆچکەکانی ئەلسەعلە و ئەلمەزرەعە چڕبوونەتەوە، لەنێوان گرووپە دروزەکان و گرووپە چەکدارە دەشتەکییەکان (بەدەوی) لەلایەک و لەلایەکی دیکە رووبەڕووی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا بوونەتەوە.
بەپێی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی رووحانیی دروزەکان، ئەم هەڵوێستە دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنانە دێت کە لە رۆژانی رابردوودا پارێزگای سوەیدای گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر قوربانی. ئەمەش لە پێناو رێگریکردن لە خوێنڕشتن و گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ پارێزگاکە و لە باوەڕبوون بەوەی کە بەدیهێنانی ئەمە "پێویستی بە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتە بەسەر پارێزگاکەدا لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە، بەتایبەتی دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی."
