یەکگرتوو، ڕەوتی هەڵوێست، گۆڕان: دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ چارەسەرێکییان پێ نییە

8 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکى فراكسیۆنەکانی یەکگرتوو و رەوتی هەڵوێست و بزوویتەوەی گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، پشتگیری خۆیان لە هەر خۆپیشاندان و رێکارێکی مەدەنی دەربڕى و دەڵێن: بەدەمیەوە دەبین، لەسەر پرسی مووچە هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانمان درێغی ناکەین.
هەر لەو کۆنگرەیەدا کە نیوەڕۆى ئەمڕۆ ئەنجامیاندا ئەوەشیان خستەڕوو، خەریکە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە سەربازگە دەکرێن و هەناسە و داوای هاوڵاتییان رێگەی لێدەگیرێت بە فیشەک رووبەڕووی دەبنەوە و کپ دەکرێت، بۆیە داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین ئەرکیان پاراستنی ماڵ و ژیانی خۆپیشاندەرانە، نەک خستنە مەترسی ژیانی هاوڵاتییان.
هاوکات ئاماژەیان بەوەشکرد دەسەڵاتدارانی هەرێم گەیشتوونەتە بن بەست و هیچ چارەسەرێکییان پێ نییە، ماوەی دوو مانگ و نیوە دەستی دەستی بە مووچەخۆران دەکەن، بۆیە پێمان وایە تەنها رێگە چارە رێککەوتنی هەرێمە لەگەڵ بەغدا
لەبەشێکى دیکەى ئەو کۆنگرەیاندا دەڵێن: دوو ساڵ و حەوت مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی بەسەرچووە کاربەڕێکەر و رۆژ بەڕێکەرە و سزای هاوڵاتییان دەدات، گرێبەستی نایاسایی دەکات، ئەمەش بە تاوان دەزانین دژی هاوڵاتییان و دەنگدەران، چونکە حکومەت نایەوێت پەرلەمانی هەبێت.
