شەڕى چەکدارى لە سوەیدا بەردەوامە کوژراوان گەیشتە ٢٤٨ کەس 

17 كاتژمێر لەمەوپێش



شەڕ و پێکدادانى چەکدارى لە سوەیدای سورویا بەردەوامە و ئیسرائیل بۆردوومانى ئۆتۆمبێلە سەربازييەکانی حکومەتی سوورياى کرد. رێبەری رۆحی دروزەکانیش رایگەیاند، لەگەڵ دیمەشق نەگەیشتووینەتە رێککەوتن و نێردەی تایبەتی ئەمریکاش دەڵێت، هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن ژمارەی کوژراوان بۆ ٢٤٨ کەس بەرزبووەوە.


ئیسرائیل بۆ رێگریکردن لە هێرشی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا و پشتیوانیکردن لە دروزەکان هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە سوەیدا و گڕو دوکەڵی ئۆتۆمبێلە سوتاوەکانی سوپا و ئاسایشی گشتیی سووریا بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشەکە لە چوارچێوەى پێکدادانی دەسەڵاتدارانی سووریا و دروزەکان لە شاری سوەیدا بووە. سوپای ئيسرائيل کە پێشتر بەڵێنیدابوو بەرگریی لە دروزەکان بکات و دیمەنى ڤیدیۆی هێرشکردنەسەر هێزەکانی سووریای بڵاوکردەوە.

بنيامين نەتانياهوو سەرۆکوەزيرانی ئيسرائيل و يسرايل کاتز وەزيری بەرگریی ئەو وڵاتە دوای کۆبوونەوەيەکی بەپەلە رايانگەياند، فەرمانيان بە سوپا کردووە دەستبەجێ هێرش بکاتە سەر هێزەکانی رژێم و ئەو چەکانەی کە هێنراونەتە ناوچەی سوەیدا لە دژی دروزەکان.

لەمیانی بەسەرکردنەوەی بنکەیەکی راهێنانی سەربازیی، نەتانیاهوو پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پارێزگاری لە دروزەکان دەکەن و رێگەنادەن دۆخێکی دیکەی هاوشێوەی لوبنان لەناو سووریا دووبارە ببێتەوە.

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "لەبەیانیی ئەمڕۆوە ئۆپراسیۆنەکانمان لە سووریا بەردەوامە، پابەندین بە لەچەکداماڵینی باشووری رۆژئاوای سووریا، کە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتەکەمان، دروزەکانیش دەپارێزین، رێگەنادەین دۆخێکی هاوشێوەی لوبنان دروستببێتەوە."

هێرشەکانی ئیسرائیل دەسەڵاتدارانی سووریای تووڕەکرد، لە راگەیەنراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو وڵاتە دانی بە کوژرانی ژمارەیەک لە هێزەکانیاندا ناوە و رایگەیاند، ئیسرائیل بەرپرسیارە لە لێکەوتەی هێرشەکان و حکومەتی سووریاش مافی یاسایی خۆیەتی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرگریی لە خاک و گەلەکەی بکات.

ژمارەی دروزەکان لە سووریا بە نزیکەی 700 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، کە زۆرینەیان لە باشووری وڵاتەکە دەژین، بەتایبەتی لە پارێزگای سوەیدا. هەروەها لە شارەکانی جەرامانە و سەحنایا لە نزیک دیمەشق بوونیان هەیە، بەشێکى کەمیشیان لە ئیدلبن.

حيکمەت هجری رێبەری رۆحی دروزەکان رايگەياند، رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە و لەگەڵ ديمەشق نەگەيشتوونەتە رێککەوتن و گوتيشی، "ئەو راگەيەندراوەی پێشتر لەبارەی رێککەوتنيان لەگەڵ حکومەت بڵاويانکردووەتەوە لەژێر فشاردا بووە و داوا لە هەموو لایەک دەکەین هەڵمەتی بەربەريیانە لە دژمان رابگرن".

دۆخەکە تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریای هێنایە سەر خەت و لەوبارەیەوە رایگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سووریا لە پەیوەندیدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گوتیشى، "بەدوای چارەسەرێکی ئاشتییانەدا دەگەڕێین، کە هەموو لایەنەکان رازیبکات".

گرژییەکان، رۆژی شەممە (5ی تەمموز)، بەهۆی رفاندنی هاوڵاتییەکی دروز، لەنێوان چەکدارانی بەدو و چەکدارە دروزەکان سەریهەڵدا، سوپای سووريا هێزەکانی بردە شارەکە و دەستوەردانی لە دۆخەکە کرد و ژمارەیەک زۆر لە هەردوولا کوژراون، ئەحمەد شەرعیش لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپاردووە لێکۆڵینەوە لە هەر کەسێک بکەن، کە لە دەستدرێژییەکان تێوەگلاوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار