پێشەوا هەورامى: بەغدا مووچەی ئەم چەند مانگە دەنێرێت

15 كاتژمێر لەمەوپێش
هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، ڕێککەوتنی سەرەتاییان لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوت کردووە، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمیش دەلێت بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدات.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەى پرسى مووچە و هەرناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کۆدەبویەوە.
بەپێى زانیاریەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕازی بووە مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و مانگانەش 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی دوای ئەو رێککەوتنە، بڕیار لە ناردنی مووچە بدات.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان كرد.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لێکتێگەیشتنی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتی بردووەتە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و دوای تاوتوێکردن، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لێکتێگەیشتنەکە داوە.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: لێکتێگەیشتنەکە لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوتە و وەک دەستپێک، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدات. باسی لەوەش کرد: دوای ئەم لێکتێگەیشتنە، هەردوو حکوومەت دەچنەنێو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە، ئەوەی کراوە ڕێککەوتنێکی سەرەتاییە.
