سامانە سروشتیەکان: حكومەتی عێراق سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنێ

7 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بێنە سەر خەت بۆ"رێگرتن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی وزەی كوردستان."
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، دەڵێت: جارێكی دیكە داوا دەكەین كە حكومەتی فیدراڵی بەئەركی خۆی هەڵسێت بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت، "نیگەرانییەكی قووڵمان لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە هەیە و بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەكەین، كە دەكرێتە سەر دامەزراوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان و مەترسیی لەسەر هاوڵاتییانی ئەم ناوچانە و سەلامەتی كارمەندانی مەدەنی كەرتی وزە دروست دەكات."
ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە کوردستان (ئەپیكۆر) لە بەیاننامەیەكدا: بە توندی سەركۆنەی هێرشەكان بۆ سەر كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات لە 15ی تەمموز و 16ی تەمموزی 2025، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکورەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوەدەبرێن.
ئەپیكۆر دەڵێت: ئەو هێرشانە مەترسی لەسەر ژیان و سەلامەتی هێزی کارمان دروستكردووە، کە زۆرینەیان عێراقین لەگەڵ كارمەندانمان لە نەتەوە جیاوازەکان، هەروەها زیانیان بە دامەزراوەکان گەیاندووە.
راشیگەیاندووە: دوای هێرشەكان، بەگەڕخەرەكان خەریکی هەڵسەنگاندنی زیانەکانن، كە بە بەرهەمهێنان و دامەزراوەكانی تر لە كێڵگەكان كەوتوون و، زۆرینەی کۆمپانیا ئەندامەکان لە ئەپیكۆر، لەوانەی كە بە ئامانجیش نەگیراون، بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
ئەپیکور، داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر، بۆ پاراستنی لسەلامەتی و ئاسایشی كارمەندان و دامەزراوەکانيان.
لەلایەکى دیکەوە دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند: لە کاتژمێر 07:10، جارێکی دیکە لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخان، جگە لە زیانی مادیی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 16ی تەمووزی 2025 كاتژمێر (7:10)ی ئێوارە بۆ جاری دووەم لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایەوە سەر كێڵگەی نەوتی هانت ئویلی ئەمەریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، كە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نیگەرانییەكی قووڵی لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە هەیە و بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەكات، كە دەكرێتە سەر دامەزراوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان و مەترسیی لەسەر هاوڵاتییانی ئەم ناوچانە و سەلامەتی كارمەندانی مەدەنی كەرتی وزە دروست دەكات، لەهەمان كاتدا دووبارە بانگەوازی هەموو لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سیڤلی ناوچەكە و كارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی ووزە و ڕێگرتن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی ووزەی كوردستان.
هێرشە درۆنییەكانی 14و 15و 16ی تەمووزی 2025 بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و كێڵگە نەوتییەكانی (خۆرمەڵە و سەرسەنگ و بیشخاپوور و عین سفنی) لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروست كردووە، بۆیە جارێكی دیكە داوا دەكەین كە حكومەتی فیدراڵی بەئەركی خۆی هەڵسێت بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.
